وەزارەتی کارەبا: لە کابینەی نۆیەمدا زۆرترین پڕۆژەی تایبەت بە سێکتەری  کارەبا جێبەجێکراوە

کارمەندێکی وەزارەتی کارەبا لەکاتی کارکردن
کارمەندێکی وەزارەتی کارەبا لەکاتی کارکردن

K24 - هەولێر:

وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە ماوەی دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەمدا زۆرترین پڕۆژەی تایبەت بە سێکتەری  کارەبا جێبەجێکراوە، هەروەها ئاماژە بەوە دەکات لە سۆنگەی بایەخپێدانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەو سێکتەرە، ئامانجیانە لە داهاتوودا کاتەکانی پێدانی کارەبا بە هاوبەشانیان بکەنە 24 کاتژمێری، بۆ ئەم مەبەستەش کار لەسەر پڕۆژەی کرێی پێشوەختە "پریپەید" کراوە.

وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان روونیکردووەتەوە، لە ماوەی کابینەی نۆیەمدا زۆرترین ئەو پڕۆژانەی لە سێکتەری کارەبا ئەنجامدراون بریتی بووە لە پڕۆژەکانی "وەبەرهێنان، گواستنەوە و دابەشکردن." هەروەها لەپێناو پاراستنی ژینگە چەندین پڕۆژەی بەرهەمهێنانی کارەبا بە "وزەی پاک" بە سەرکەوتوویی ئەنجامدراون.

وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان باس لەوە دەکات، لە هەرێمی کوردستان بۆ یەکەمجار توانراوە سوود لە گازی بەفیڕۆچووی کێڵگەی نەوتی گەرمیان وەربگیرێت و کارەبای لێ بەرهەم بهێندرێت. هەر لەم کابینەیەدا لە رێگەی پێوەری زیرەکەوە هاوبەشانی کارەبا زیاتر بووە و سەرپێچییەکانی سەر هێڵەکانیش کەمکراونەتەوە.

بەگوێرەی بڵاوکراوەی وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ماوەی کابینەی نۆیەمدا، ژینگەپارێزی گازی خەبات لە سنووری هەولێر کەوتووەتە کار و لە ئێستادا کارەبا بەرهەم دەهێنێت.