مانگی داهاتوو کۆنگرەی تایبەت بە ئاو لە بەغدا بەڕێوەدەچێت

K24 - هەولێر:

وەزیری سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق رایەگەیاند لە چەند رۆژی داهاتوودا ئاستی ئاوی رووباری دیجلە باشتر دەبێت، هاوکات بانگهێشتی وەزیری وزەی ئێران کراوە بۆ بەشداریکردن لە کۆنگرەی سێیەمی بەغدا بۆ ئاو.

رۆژی (یەکشەممە 16ـی نیسان/ ئێپڕێڵی 2023) عەون دیاب، وەزیری سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق رایگەیاند، لە یەک کاتدا دیدار و کارەکان لەنێوان لایەنی عێراقی – تورکی و عێراقی – ئێرانی سەبارەت بە پشکی ئاوی عێراق لە هەردوو رووباری دیجلە و فوڕات بەردەوامیان هەیە. روونیشیکردەوە، وەزارەتی سەچاوە ئاوییەکانی عێراق داوەتنامەی ئاراستەی عەلی ئەکبەر میحرابییان، وەزیری وزەی ئێران کردووە بۆ ئامادەبوون و بەشداریکردنی لە کۆنگرەی سێیەمی بەغدا بۆ ئاو کە بڕیار وایە مانگی داهاتوو ئەنجام بدرێت.

وەزیری سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، دانوستان و لێکتێگەیشتنەکانی نێوان عێراق و تورکیا ئاراستەیەکی ئەرێنییان وەرگرتووە بەتایبەتی کە لە سەردانییەکەی ئەم دواییانەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق جەختی لەسەر کرایەوە و بڕیار درا بە ناردنی تیمێکی هونەری عێراقی بۆ تورکیا لە ئاییندەیەکی نزیکدا، کە پێشبینی دەکەن سەردانەکە دوای جەژنی رەمەزان بێت.

عەون دیاب گوتیشی، هەنگاوی کردەیی نراوە بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنێکی پێشوو لەنێوان عێراق و تورکیا کە پەرلەمانی هەردوو وڵاتیش پەسندکراوە و یەکێک لە بڕگەکانی رێککەوتنەکەش یەکلاییکردنەوەی بەشە ئاوی عێراقە لە رووباری دیجلە. دیاب باسی لەوەشکرد، بەردانەوەی ئاوی رووباری دیجلە باشتر دەبێت بەتایبەتی کە لایەنی تورکی لەمبارەیەوە پابەندن بە رێککەوتنەکانی نێوان هەردوولا.