دوایین زانیارییەکان سەبارەت بە دۆخی ناوخۆی سوودان

فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی خەرتووم بەهۆی شەڕ و پێکدادانەکانی سوپا و هێزەکانی پشتیوانی خێرا زەرەر و زیانێکی زۆری بەرکەوتووە
فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی خەرتووم بەهۆی شەڕ و پێکدادانەکانی سوپا و هێزەکانی پشتیوانی خێرا زەرەر و زیانێکی زۆری بەرکەوتووە

K24 - هەولێر:

بەگوێرەی راگەیەندراوێکی سەندیکای پزیشکانی سوودان، ژمارەی کوژراوانی شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان سوپا و هێزەکانی پشتیوانی خێرا لە سوودان بۆ 97 کوژراو و ژمارەیەکی زۆر بریندار بەرزبووەتەوە.

سەندیکای پزیشکانی سوودان ئاماژە بەوەشدەدەن، ئەو ژمارەیە تەنیا ئەوانە دەگرێتەوە کە رەوانەی نەخۆشخانە کراون و، ئاماری گیانلەدەستدان سەرجەم کوژراوەکان ناگرێتەوە، بەو پێیەی بەشێکی زۆریان بەهۆی کێشەی گواستنەوەیانەوە بۆ نەخۆشخانەکان نەگوازراونەتەوە.

ئەوەش خراوەتەڕوو، بەهۆی زۆری ژمارەی بریندارەکانەوە، نەخۆشخانەکان چیتر توانای وەرگرتنی نەخۆشیان نییە.

شەڕ و پێکدادان لە خەرتوومی پایتەخت و مەرەوی و دارفۆر و چەند ناوچەیەکی دیکەی سودان لەنێوان سوپا و هێزەکانی پشتیوانی خێرا بەردەوامە.

سوپای سوودان داوا لەچەکدارەکانی  هێزی پشتیوانی خێرا دەکات بچنە پاڵیان و دژی محەمەد حەمدان دەقلو شەڕ بکەن، کارەبا و ئاویش لە زۆرینەی گەڕەکانی خەرتوومی پایتەخت پچڕاوە.

هێزەکانی پشتیوانی خێرا باس لە کۆنترۆڵکردنی بارەگای هێزە وشکانییەکان و کۆشکی کۆماری و فڕۆکەخانەی شاری مەرەوی دەکەن، سوپاش رەتیدەکاتەوە.

هاوکات، وەزیری کانزاکانی سودان رایگەیاند، دوو ئەندامی خێزانەکەی و دوو لە پاسەوانەکانی بەهۆی کەوتنەخوارەوەی موشەکێک لە ماڵەکەی لە شاری خەرتووم کوژراون.

لەلایەکی دیکەوە لە راگەیەندراوێکدا یەکێتی ئەفریقا بڵاویکردەوە، بەمزووانە سەرۆکی کۆمسیۆنی ئەفریقا بەمەبەستی نێوەندگیری دەگاتە سوودان.