گەنجینەی ئەمەریکا: سزاکانی سەر رووسیا مەترسی بۆ سەر هەژموونی دۆلار دروستدەکات

جانێت یێلین، وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا
جانێت یێلین، وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا

K24 - هەولێر

وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا، دانی بەوەدانا کە سزا ئابوورییەکانی سەر رووسیا مەترسی بۆ سەر هەژموونی دۆلار دروستدەکات، بەڵام  ئەستەمیشە بۆ وڵاتان بتوانن بەدیلێک بۆ دراوی دۆلاری ئەمەریکی بدۆزنەوە.

جانێت یێلین، وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی "CNN"، ئەمەریکیدا گوتی: کاتێک ئێمە سزا داراییەکان بەکاردەهێنین، مەترسی لەسەر رۆڵی دۆلار هەیە، لەسزا درێژخایەنەکاندا دەبێتە هۆی تێکدانی هەژموونی دۆلار.

یێلین، ئاماژەی بەوەشکرد، بێگومان ئەمە ئیرادەیەک لەلایەن چین و رووسیا و ئێرانەوە دروستدەکات، بۆ دۆزینەوەی بەدیلێک، بەڵام هۆکارەکانی بەکارهێنانی دۆلار وەک دراوێکی جیهانی، وادەکات وڵاتانی دیکە بە ئەستەم بتوانن بەدیلێک بدۆزنەوە کە هەمان تایبەتمەندی هەبێت.

وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا لە درێژەی قسەکانیدا جەختیکردەوە: ئێمە بازاڕی سەرمایە و یاسای سەروەری زۆر بەهێزمان هەیە، کە ئەمانەش دوو هۆکاری بنەڕەتین بۆ دراوێک کە لە ئاستی جیهانیدا بۆ مامەڵەکردن بەکاردەهێنرێت. ئێمە هیچ وڵاتێکی ترمان نەبینیوە کە ژێرخانی دامەزراوەیی هەبێت کە رێگە بە دراوەکەی بدات رۆڵێکی جیهانی هەبێت.

وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا روونیشیکردەوە، سزا ئابوورییەکان ئامرازێکی زۆر گرنگە کە وڵاتانی هاوپەیمانیش دژی رووسیا بەکاریدەهێنن.

سەبارەت بە ئەگەری بەکارهێنانی سەروەت و سامانی بلۆککراوی بانکی ناوەندیی رووسیا بۆ ئاوەدانکردنەوەی ئۆکرانیا، وەزیرەکەی ئەمەریکا دەڵێت: دەبێت رووسیا پارەی ئەو زیانانە بدات کە بە ئۆکرانیا گەیاندووە، بەڵام سنووردارکردنی یاسایی هەیە لەسەر ئەوەی کە دەتوانین چی بکەین بە سەروەت و سامانی بلۆککراوی رووسیا، ئەمەش لەگەڵ هاوبەشەکانمان باس لەوە دەکەین کە لە داهاتوودا چی بکەین.