فوئاد مەعسووم لە سێدارەدانی چەند كەسێك واژوو دەكات

واژووكردنی مەرسوومەكان دوای لەژێر فشاری شیعەکان بووە

K24 - ھەولێر

خالید شوانی گوتەبێژی سەرۆکایەتی کۆمار، ئاشکرایکرد، فوئاد مەعسووم، سەرکۆماری عێراق، چەند مەرسوومێکی لەسێدارەدانی تاوانبارانی تیرۆری واژووکرد.

ئەم هەنگاوەی مەعسووم، دوای ‌هەڕەشەکانی ئەوس خەفاجی سەرکردەی لیوای ئەبولفەزل عەباس دێت، بە هەڵکوتانەسەر زیندانی ناسڕییەو کوشتنی ئەو کەسانەی بە لە سێدارەدان حوکمدراون و تائێستا لە سێدارە نەدراون.

دوێنێش، ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، هەمواری لە چەندین یاسای دادوەری، ئەنجامدا، بەشێوەیەک کە لەمەودوا دوای حوکمی لەسێدارەدان، جێبەجێکردنی سزاکە دواناکەوێت.

گوتەبێژی سەرۆکایەتی کۆمار راشیگەیاندووە: "مەرسوومە واژووكراوەكان رەوانەی دەسەڵاتی جێبەجێكردنی پەیوەندیدار كراون بە مەبەستی جێبەجێكردنی ئەو حوكمانە بەرامبەر بەوانەی تاوانبارن، دووپاتیشیكردەوە دەرچونی ئەو حوكمانە دوای توێژینەوەی دۆسییەكان بوە لە لایەن كۆمیتەیەكی تایبەتیی قانونیی كە بۆ ئەم مەبەستە پێكهێنراوە".