لە ئاهەنگێکی لەدایکبووندا لە ئەمەریکا چوار کەس کوژران و زیاتر لە 25 کەسیش برینداربوون

K24 - هەولێر

پۆلیسی ئەمەریکا رایگەیاند، لە ئاهەنگێکی لەدایکبوون لە ویلایەتی ئەلابامای ئەمەریکا دەستڕێژی گوللـە لە ئامادەبووانی ئاهەنگەکە کرا و، لانیکەم چوار کەس گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە 25 کەسیش برینداربوون کە زۆرینەیان هەرزەکارن.

بەپێی راپۆرتە ناوخۆییەکانی ئەمەریکا، تەقەکردنەکە لە ئاهەنگی لەدایکبوونی منداڵێکی تەمەن 16 ساڵ لە هۆڵێكی شاری دیدڤیل لە باکووری رۆژهەڵاتی مۆنتگۆمێری پایتەختی ویلایەتی ئەلاباما روویداوە.

جێرمی بورکێت، گوتەبێژی پۆلیسی ویلایەتی ئەلاباما بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، "بەداخەوە لەم رووداوەدا چوار کەس کوژراون و هەروەها 28 کەسیش برینداربوون".

بێرکێت ئاماژەی بەوەشکرد، برینی هەندێکیان سەختە و داواشی لە هەر کەسێک کرد کە زانیاری لەسەر تاوانەکە هەبێت بێتە پێشەوە.

جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا لەوبارەیەوە رایگەیاند، میللەت جارێکی دیکە لە ماتەمینیدایە بەهۆی کوشتنی گەنجانی ئەمەریکی بە دەمانچە.

ئاماژەی بەوەشکرد، "چەک هۆکاری سەرەکی مردنی منداڵانە لە ئەمەریکا و ژمارەکان لە زیادبووندان نەک کەمبوونەوە" دەشڵێت، "ئەمە بەرگەی ناگیرێت و قبوڵ ناکرێت".

بەپێی ئەو زانیاریانەی لە هەژماری تویتەری ئەرشیفی رووداوەکانی تەقەکردن (GVA) کە رووداوەکانی توندوتیژیی چەکداری لە ئەمەریکا ئەرشیف دەکات بڵاوکراوەتەوە، ژمارەی ئەو کەسانەی لە ئاکامی رووداوەکانی تەقەکردنەوە لە سەری ساڵەوە تاوەکو ئێستا کوژراون گەیشتووەتە 10 هەزار و 438 کەس.

لە یەکی کانوونی دووەمەوە تاوەکو یەکی نیسان، شەش هەزار و شەش کەس بە چەک خۆیان کوشتووە، چوار هەزار و 432 کەس لە رووداوی تەقەکردندا یان بەهەڵە بە چەک کوژراون و حەوت هەزار و 901 کەسیش برینداربوون.