ئەمەریکا و بەریتانیا: پێویستە دەستبەجێ شەڕ لە سوودان رابگیرێت

دیمەنی شەڕی سودان
دیمەنی شەڕی سودان

K24 - هەولێر

وەزیرانی دەرەوەی ئەمەریکا و بەریتانیا، دوای کۆبوونەوەیەکیان لە پەراوێزی لوتکەی گرووپی حەوت لە ژاپۆن، داوایان کردووە، بە خێرایی شەڕ و ئاڵۆزییەکانی سوودان رابگیرێن.

ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ جەیمس کلیڤەرلی هاوتا بەریتانییەکەی رایگەیاند، رێککەوتن لەسەر ئەوەی پێویستە دەستبەجێ شەڕ لە سوودان رابگیرێت و دەست بە گفتوگۆکان بکەنەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، نیگەرانییەکی قووڵی هاوبەش هەیە سەبارەت بەو شەڕە، هەروەها مەترسی لەسەر هاوڵاتیانی مەدەنی دروست دەکات.

وەزیرانی دەرەوەی ئەمەریکا و بەریتانیا، ئاماژەیان بەوەشکرد، بارودۆخی سودان لەگەڵ هاوپەیمانان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا گفتوگۆی لەسەر کراوە و رێککەوتنێکی هاوبەش هەیە "سەبارەت بە پێویستی سەربازی بۆ دەستەبەرکردنی پاراستنی هاووڵاتیانی مەدەنی و هەروەها هاووڵاتیانی وڵاتانی دیکە.

لە کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی گرووپی حەوت لە کارویزاوای ژاپۆن، رێککەوتن لەسەر پێویستی ئاگربەستی دەستبەجێ و گەڕانەوە بۆ گفتوگۆکان کراوە.

کلێڤەرلی گوتیشی: "داوایان لێدەکەین ئاشتی لە پێش هەموو شتێکەوە دابنێن، کۆتایی بە شەڕەکە بهێنن و بگەڕێنەوە بۆ دانوستان، خەڵکی سوودان ئاشتی دەوێت.

بەگوێرەی راگەیەندراوێکی سەندیکای پزیشکانی سوودان، ژمارەی کوژراوانی شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان سوپا و هێزەکانی پشتیوانی خێرا لە سوودان بۆ 97 کوژراو و ژمارەیەکی زۆر بریندار بەرزبووەتەوە.