بۆ ساڵێک چوار خۆبەخش لەسەر مەریخی دەستکرد دەژین

K24 – هەولێر

لە مانگی شەشی ئەمساڵەوە، چوار خۆبەخش ساڵێک لەناو کۆمەڵگەیەکی دەستکردی ناسا دەژین، لەسەر کەشوهەوا و شێوەی مەریخ دروستکراوەتەوە. 

چوونە سەر هەسارە سوورەکە لەوانەیە کارێكی زۆر ئاسان نەبێت، بۆیەش ناسا لە ئێستاوە تاقیکردنەوەی زانستی و سایکۆلۆژی لەسەر مرۆڤەکان دەکات، تا زۆرترین داتای لەدەستبێت کاتێک بیەوێت لەماوەی 10 ساڵی داهاتوو گەشتی سەر هەسارە سوورەکە بکەن. 

لە شاری هیوستنی هەرێمی تێکساسی ئەمریکا، ناسا کۆمەڵگەیەکی دەستکردی دروستکردووە، بە بەرد و خۆڵی سوور دایپۆشیوە هاوشێوەی هەسارەی مەریخ، خۆبەخشەکان ژیانێکی رۆتینی دەژین بەو کەرستانەی کە ناسا بۆیان دابینی دەکات تا بتوانن لێکۆڵینەوە لەو ژیانە بکەن و ئەنجامەکەی بدرێتە دەستی ئەو کەسانەی لە 10 ساڵی داهاتوو گەشتە راستەقینەکە دەکەن. 

لە یەکێك لەو ژوورانە ئامێری چاپی 3D هەیە، بەمەبەستی ئەوەی ئەو خۆبەخشانە هەر کەرستەیەکیان پێویست بێت بتوانن بەو چاپە دروستی بکەن و پێویستیان بە یارمەتی دەرەوەی ئەو کۆمەڵگایە دەستکردە نەبێت. 

شتێکی سەرنجراکێش ناسا بۆ خۆ بەخشەکانی دابینکراوە شاشەیەکی تەلەڤزیۆنە، پلەیستەیشن فۆر و یاری مۆنۆپڵییە، تا لە کاتی بەتاڵیان خۆیانی پێ خەریک بکەن و بێزار نەبن.