سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی نزیکەی 15 ملیار دینار بۆ پارێزگای سلێمانی خەرجدەکات

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی

K24 – هەولێر:

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان نزیکەی 15 ملیار دینار بۆ پارێزگای سلێمانی خەرجدەکات.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری رایگەیاند، ئەمڕۆ دووشەممە 17ـی نیسانی 2023، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕەزامەندیی دا لەسەر خەرجکردنی 14 ملیار و 975 ملیۆن دینار بۆ سنووری پارێزگای سلێمانی.

ئەم بڕە پارەیە، بەمەبەستی گواستنەوە و کۆکردنەوەی خۆڵ و خاشاک لە سنووری سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی خەرجدەکرێت.

بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، خەرجکردنی ئەو بڕە پارەیە، لە چوارچێوەی گرنگیدانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستانە بۆ خزمەتکردنی ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان، ئەویش بە ڕەچاوکردنی بەرژەوەندیی گشتی لە پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکانی ھەرێمی کوردستان.

ئاماژە بەوەشکراوە، بڕی پارەکە، لەسەر بوودجەی سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی بەشێوەی کەمگەری بۆماوەی یەک ساڵ خەرجدەکرێت.

ئەمە لە کاتێکدایە، شەوی شەممە (15ـی نیسان/ئێپڕڵی 2023)، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی، لە بارودۆخی دەڤەری سلێمانی و پاراستنی ئاسایش و ئارامی ئەو دەڤەرەی پرسی.

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی نیگەرانی خۆی لە دۆخی نالەباری ئەمنی پارێزگای سلێمانی دەربڕی و پاڵپشتی حکومەتی بو دابینکردنی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری زیاتری ناوچەکە بە پارێزگار راگەیاند.