سەرۆکی گووگڵ: گەر بە یاسا ژیری دەستکرد کۆنترۆڵ نەکرێت کارەسات روودەدات 

K24 - هەولێر

سوندار پیچای بەڕێوبەری جێبەجێکاری گووگڵ لە پرۆگرامی 60 خولەک رایگەیاند: ژیری دەستکرد لە دۆزینەوەی ئاگر و کارەبا بۆ مرۆڤایەتی گرنگترە بەڵام گەر بە یاسا کۆنترۆڵ نەکرێت کارەسات روودەدات. 

ژیری دەستکرد کە بە AIـی دەناسرێت گەرمترین بابەتی تەکنەلۆژی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانە لەماوەی چەند مانگی رابردوو بەهۆی بڵاوبوونەوە و سەرکەوتنی وێبسایەتی chat gpt و bing کە ژیری دەستکردی چاتیان بڵاوکردەوە و خەڵکی ئاسایی دەتوانن بەکاربهێنن، وەڵامی زۆرینەی پرسیارەکان بداتەوە بە زمانێک مرۆڤی ئاسایی تێی بگات. 

گووگڵ تەکنەلۆژیای bardـی ئاشکراکرد، بەهەمان شێوە چات بۆکسە، لەرێگەی گفتوگۆ بە چات دەتوانێت زۆرینەی زانیارییەکان بە چەند رستەیەکی سادە بە بەکارهێنەر بدات، گووگڵ خەریکی تەکنەلۆژیای تێکست بۆ وێنەیە، هەر تێکستێک بینووسیت دەیکاتە وێنەیەک و بەهەمان شێوە تێکست بۆ ڤیدیۆش بەڵام هێشتا بە فەرمی بڵاوی نەکردووەتەوە. 

لە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ پرۆگرامی 60 خولەک بەڕێوبەری جێبەجێکاری گووگڵ پیچای دەڵێت: ژیری دەستکرد زۆر لە دۆزینەوەی ئاگر و کارەبای بۆ مرۆڤایەتی گرنگترە، بەڵام لە سەردەمێکین یاسای وڵاتان گۆڕانکاری بەسەر نەهاتووە لە چاو ئەو پێشکەوتنەی تەکنەلۆژیا دروستیکردووە، گەر بە یاسا ژیری دەستکرد رێکنەخرێت کە چ بابەتێک دەتواندرێت کاری لەسەر بکرێت و چ بابەتێک قەدەغەیە، پێشبینی کارەساتی گەورە دەکەین لە لایەنی ئیتیک و هاوسەنگی کۆمەڵایەتی.