دادگای مۆسکۆ کەسایەتییەکی ئۆپۆزسیۆنی رووسیا بە 25 ساڵ زیندانیکردن سزا دەدات

ڤلادیمیر کارامورزا رەخنەگری بەریتانی-رووسی
ڤلادیمیر کارامورزا رەخنەگری بەریتانی-رووسی

K24 - هەولێر:

رەخنەگرێکی بەریتانی-رووسی لەلایەن رووسیاوە بە 25 ساڵ زیندانیکردن سزادرا و نەتەوەیەکگرتووەکان و یەکێتی ئەوروپاش بە توندی ئیدانەی دەکەن.

دادگای مۆسکۆ بڵاویکردەوە، بەگوێرەی ئەنجامەکانی دادگاییکردن، بڕیاریانداوە سزای 25 ساڵ زیندانی بەسەر ڤلادیمیر کارامورزا رەخنەگری بەریتانی-رووسی بسەپێنن بە تۆمەتی ئەوەی لە چاوپێکەوتنێک لەگەڵ کەناڵی سی ئێن ئێنی ئەمەریکی رەخنەی توندی لە رووسیا گرتووە و بە رژێمی بکوژ و داگیرکەر ناویبردووە.

ڤۆلکەر تورک، کۆمسیاری باڵای نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند، نابێت هیچ کەسێک لە ئازادی رادەربڕین بیبەشبکرێت و رێگەی پینەدرێت بەرگری لە مافەکانی مرۆڤ بکات. داواش دەکەن هەرچی زووە ئازادبکرێت.

هەریەک لە یەکێتی ئەوروپا، بەریتانیا و ئەڵمانیاش بە توندی ئیدانەی زیندانیکردنی کارامورزا دەکەن و داوا دەکەن بەزووترین کات ئازادبکرێت.