شارەزایەکی بواری فەلەکناسی: ئێوارەی پێنجشەممە مانگ لە ئاسمانی کوردستان دەبیندرێت

بینینی مانگ
بینینی مانگ

K24 – هەولێر:

شارەزایەکی بواری فەلەکناسی رایدەگەیەنێت، بەپێی پێوانە گەردوونییەکان رۆژی پێنجشەممە مانگ سوڕێکی نوێ بەدەوری زەوی دەستپێدەکات کە ئەمەش ساتی دەستپێکی مانگێکی نوێیە بەپێی رۆژمێری کۆچی (هیجری) کە رۆژمێرێکی مانگییە.

لوقمان حەوێز، لێکۆڵەر و ئەندامی کۆمەڵەی گەردوونناسی تێکساس بڵاویکردووەتەوە، ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە (20ـی نیسانی 2023) هیلالی یەک شەوەی مانگ لە ئاسمانی کوردستان دەتواندرێت راستەوخۆ دوای خۆرئاوابوون بەچاو ببیندرێت.

ئەو شارەزایەی بواری فەلەکناسی ئاماژەی بەوەشکردووە، لە ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە دەبێت دوور لە تەپ وتۆز و دووکەڵی شارەکان هەوڵ بۆ بینینی مانگ بدرێت و ئەگەر لەسەر گردێک یان شوێنێکی بەرز لە دەروازەی شار یان لە دەرەوی شار، لە ئێوارەی پێنجشەممە راستەوخۆ دوای خۆرئاوابوون چاو بۆ هیلالی مانگی یەکشەوە بگێڕدرێت ئەوا بەئاسانی دەبینرێت چونکە مانگ نزیکەی 22 خولەک دوای خۆرئاوابوون ئینجا ئاوا دەبێت، کە ئەوەندەش بەسە بۆ بینینی بەچاو.

لەبارەی خۆرگیران لە رۆژی پێنجشەممەدا، لوقمان حەوێز روونیکردووتەوە، خۆرگیرانێکی نیمچەیی بەکاتی بەیانی لە کوردستان روودەدات و تەنیا لە ناوچەکانی ئوستڕالیا و ڕۆژهەڵاتی ئاسیای نزیک زەریای هێمن خۆرگیرانەکە دەبیندرێت، "تا ئێوارەکەش بەکاتی کوردستان مانگ بۆ دیدی ئێمە له کوردستان بەپێش خۆردا تێپەڕێوە، بۆیە بەکورتی ئێوارەی پێنجشەممە هیلالی یەکشەوەی مانگ بەچاو لە کوردستان دەبینرێت".

بەگوێرەی زانیاری و لێکدانەوەکانی ئەو شارەزایە کوردەی بواری فەلەکناسی، رۆژی پێنجشەممە دەبێت کۆتا رۆژی مانگی رەمەزانی پیرۆز و رۆژی هەینی (21ـی نیسانی 2023) دەبێتە یەکەم رۆژی جەژنی رەمەزانی پیرۆز.

هەروەها لەلایەن خۆیەوە، کۆمەڵەی فەلەکناسی سعوودیە رایگەیاند، کە رۆژی هەینی (21ـی نیسانی 2023) دەبێتە یەکەم رۆژی جەژنی رەمەزانی پیرۆز.