ئەنتۆنی بلینکن لەگەڵ فەرماندەکانی دوو لایەنە بەشەڕهاتووەکەی سوودان پەیوەندی تەلەفۆنی ئەنجامدا

"کۆتایی بە جەنگ بهێنن و بگەڕێنەوە سەر مێزی گفتوگۆ"

K24 -هەولێر:

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ فەرماندەکانی دوو لایەنە بەشەڕهاتووەکەی سودان ئەنجامدا و داوای وەستانی جەنگی لێکردن.

لە راگەیەندراوێکدا وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بڵاویکردەوە، ئەنتۆنیۆ بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لەرێگەی پەیوەندی تەلەفۆنییەوە داوای لە هەریەکە لە عەبدولفەتاح بورهان، فەرماندەی سوپا و محەمەد حەمدان دەقلو، فەرماندەی پشتیوانی خێرا کردووە کۆتایی بە جەنگ بهێنن و بگەڕێنەوە سەر مێزی گفتوگۆ.

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، نیگەرانی قوڵی وڵاتەکەی سەربارەت بە پەرەسەندنی ئاڵۆزییەکان و کوژرانی کەسانی بێتاوان دەربڕی.

بلینکن داوای لە عەبدولفەتاح بورهان و محەمەد حەمدان کردووە، نێردە دیبلۆماسییەکان و ئەو کەسانەی لە بواری هاوکاری مرۆیدا کاردەکەن، بپارێزرێن.

لە پەنجاکانەوە تا ئێستا، زیاتر لە 10 جار لە سوودان کودەتای سەربازی روویداوە، واتە بە دەگمەن لەرێگەی هەڵبژاردنەوە دەستاودەستکردنی دەسەڵات روویدابێت، ئێستا جارێکی دیکە سوودان لە کودەتایەکی دیکە نزیکدەبێتەوە.

دوو لایەنی سەربازی هەڵپەی دەسەڵاتیانە و رووبەرووی یەکتر بوونەتەوە و دەیان کەس بەهۆی شەر و پێکدادانەکانی نێوانیانەوە کوژراون. نەتەوەیەکگرتووەکانیش پێشنیازی گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکانی کردووە و داواش ده‌كات ئاگربەست رابگەیه‌ندرێت.