ئیتاڵیا دەست بەسەر 70 تۆن ماددەی هۆشبەردا دەگرێت

K24- هەولێر

پۆلیسی ئیتاڵیا رایگەیاند، قاچاخچێتی بارێکی گەورەی کۆکاینیان پووچەڵ کردووەتەوە، دوای ئەوەی لە کەناراوەکانی رۆژهەڵاتی وڵاتەکەوە بینیویانە.

لە راگەیەندراوێکدا پۆلیسی دارایی ئیتاڵیا، ئاشکرای کردووە، دەستیان بەسەر نزیکەی دوو تۆن ماددەی هۆشبەردا گرتووە، کە لە کاتی گەشتێکی ئاسایی چاودێریدا بینراوە کە لە دەریای ناوەڕاستدا تێدەپەڕێت.

پۆلیسی ئیتاڵیا ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو ماددە هۆشبەرانە لە 70 پاکێجی توند و دژە ئاودا پێچراوبوون، کە بە گوتەی خۆیان بەهایان دەگاتە 440 ملیۆن دۆلار.

لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، کە ئەم ئۆپەراسیۆنەی دەستبەسەرداگرتن لە گەورەترین ئۆپەراسیۆنەکانە تا ئێستا لە ئیتاڵیا، هەروەها، رێگری لە دابەشکردنی ماددە هۆشبەرەکان لەو وڵاتەدا کردووە، کە قازانجێکی زۆر گەورەی بۆ باندەکانی بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان دروست دەکرد.

پۆلیسی ئیتاڵیا پێیان وایە کەشتییەکی بارهەڵگری تێپەڕبوو ئەو پاکێجانەی بەجێهێشتووە، تەنها بۆ ئەوەی لەلایەن بازرگانەکانەوە وەربگیرێنەوە و بهێنرێنە کەنار دەریا.

پۆلیسی دارایی ئیتاڵیا رایگەیاندووە، بەلەمەکانیان لە شارەوانی کاتانیاوە ناردووە و لە چەندین یەکەوە پاسەوانیان دابینکردووە بۆ دڵنیابوون لە سەلامەتی ئەفسەرانی بەشدار لە ئۆپەراسیۆنەکەدا، ئاماژەی بەوەشکردووە، بەردەوامن لە گەڕان لە ناوچەکەدا بۆ دۆزینەوەی هەر پاکەتێکی تری ماددە هۆشبەرەکان.