نەتەوەیەکگرتوەکان ژمارەی قوربانیانی پێکدادانەکانی سوودانی راگەیاند

ژمارەیەک گەنجی خەرتوومی پایتەختی سوودان هاتووچۆی نێو گەڕەکێکی ئەو شارە دکەن دوای سەرهەڵدانی شەڕ و پێکدادانەکان | دووشەممە 17ـی نیسانی 2023 | وێنە: Marwan Ali / AP
ژمارەیەک گەنجی خەرتوومی پایتەختی سوودان هاتووچۆی نێو گەڕەکێکی ئەو شارە دکەن دوای سەرهەڵدانی شەڕ و پێکدادانەکان | دووشەممە 17ـی نیسانی 2023 | وێنە: Marwan Ali / AP

K24 - هەولێر:

 ڤۆلکەر پێرتس، نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ سوودان رایگەیاند، بەهۆی پێکداداناکانی نێوان سوپای سوودان و هێزەکانی پشتیوانیی خێرا 185 کەس گیانیان لەدەستداوە و هەزار و 800 کەسی مەدەنی و سەرباز برنیداربوون.

پێرتس، لە رێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەوانانی نێو باڵەخانەی نەتەوەیەکگرتووەکان لە نیویۆرک دایەوە.

پێرتس، ئاماژەی بەوە کرد، پێکدادانەکان لە رۆژی شەممەوە دەستی پێکرد و هێشتا بەردەوامە و رایگەیاند بە مەبەستی دابینکردنی پێداویستییە سەرەکییەکان خەڵکی سوودان ئاگربەستێکی زۆر کورتی چەند کاتژمێری راگەیەندرا.

ڤۆلکەر پێرتس، گوتی: "داوا لە هەردوو لایەن دەکەین کە دەستبەجێ کۆتایی بە پێکدادانەکان بهێنن و رێگرتنی گەیشتن لەسەر کارمەندەکانی هاوکاریی مرۆیی هەڵگرن. هەردوولا دەبێت رێکخراوەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان، باڵیۆزخانەکان و دامەزراوە پزیشکییەکان بپارێزن. پێشێلکاریی زۆر جیددی ئەنجامدەدرێت".

پێترس ئاماژەی بەوەشکرد، ئەستەمە ئۆپەراسیۆنەکانی هاوکاری لەژێر هەڕەشەدا بەردەوامبێت و گوتی: " کارمەندەکان لە ماڵەکانیان دەرنەچوون".

نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان، ئاشکراشیکرد، هەندێک وڵاتی ناوچەکە و کۆمکاری عەرەبی دەستپێشخەریی نێوەندگیرییان کردووە، بەڵام ئەو دۆخەی کە هەیە زۆر گونجاو نییە و گوتی: "لای هەردوو لا نێوەندگیریی زیاتر یان ویست بۆ ئاشتی نابینرێت. هەردوولا چاوەڕوانی شکستی لایەنەکەی دیکە دەکەن".

ڤۆلکەر پێرتس، راشیگەیاند بەپێی ئەو زانیارییانەی کە لە پزیشکە سودانییەکان، نەخۆشخانەکان و لەسەر ئەرزدا بەدەستیان کەوتووە 185 کەس گیانیان لەدەستداوە و ژمارەی برینداربووەکان هەزار و 800 کەسی تێپەڕاندووە.

پێرتس، باسی لەوەش کرد کە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە دانیشتنێکی داخراودا تاوتوێی دۆخی سوودانیان کرد و رایگەیاند بە خۆشحاڵییەوە پێشوازییان لەوە کردووە کە ئەنجوومەنەکە راستەوخۆ دوای پێکدادانەکان راگەیەندراوێکی بڵاوکردووەتەوە.

ئەمە لە کاتێکدایە رۆژی دووشەممە 17ـی نیسانی 2023، ستیفان دوجاریک، گوتەبێژی سکرتێرتی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، بەهۆی شەڕ و پێکدادانەکان لە سوودان هاتووچۆی کارمەندەکانیان رووبەڕووی ئاستەنگ بووەتەوە و سنوورەکان و فڕۆکاخانەکان داخراون. ئاماژەی بەوەشکرد، نەتەوەیەکگرتووەکان ناچاربووە کە چالاکییەکانی رابگرێت، لە کاتێکدا لە دۆخی ئاساییدا 10 رێکخراوی سەربە نەتەوەیەکگرتووەکان و زیاتر لە 89 رێکخراوی کۆمەڵگەی مەدەنی نزیکەی 250 پرۆگرام بەڕێوەدەبەن.

گوتەبێژی سکرتێرتی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان راشیگەیاند، پێکدادانەکان بە ئەندازەیەکی مەترسیدار کاریگەری لە دۆخی مرۆیی سوودان کردووە و فڕۆکەیەکی سەربە نەتەوەیەکگرتووەکان بەهۆی پێکدادانەکانی فڕۆکەخانەی خەرتوومەوە زیانی بەرکەوتووە.

رۆژی شەممە 15ـی نیسانی 2023، شەڕ و پێکدادانی سەربازی لە خەرتوومی پایتەختی سوودان و شارەکانی دیکەی ئەو وڵاتە دەستیێکردووە، شەڕەکە لە نێوان هێزەکانی پشتیوانی خێرا بە سەرۆکایەتی محەمەد حەمدان دەقلو ناسراو بە حەمیدتی و سوپای سوودان بە سەرۆکایەتی لیوا عەبدولفەتاح ئەلبورهانە.