کوردستان24 وردەکاری کۆبوونەوەکەی شاندی حکومەت و قوباد تاڵەبانی بڵاودەکاتەوە
K24 - هەولێر:
بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24، لە کۆبوونەوەکەی رۆژی دووشەممەی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ قوباد تاڵەبانی و تیمی وەزاری یەکێتی، شاندەکەی حکومەت دوو پێشنیازیان خستووەتە بەردەم تیمی یەکێتی.
پێشنیازی یەکەم ئەوە بووە قوباد تاڵەبانی و تیمەکەی پێکەوە بگەڕێنەوە کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزیران لەوێ قسە لەسەر کێشەکان و چارەسەرکانی بکرێت.
پێشنیازی دووەم ئەوە بووە کە سەرەتا تیمی وزاری یەکێتی بگەڕێتەوە کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزیران، دواتر قوباد تاڵەبانی بگەڕێتەوە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، قوباد تاڵەبانی و تیمی وەزاری یەکێتی بۆچوونێکی پێچەوانەیان هەبووە، قوباد تاڵەبانی و تیمەکەی داوایان کردووە سەرەتا کێشەکانیان و داواکارییەکانیان جێبەجێ بکرێت دواتر ئەوان دەگەڕێنەوە کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزیران.
کوردستان24 زانیویەتی، داواکارییەکانی تیمی وەزاری یەکێتی پەیوەندی بە پرسی ناردنی پارە و دۆخی دارایی پارێزگای سلێمانییەوە هەبووە، هەروەها چارەسەرکردنی ئەو پرسە ئەمنیانەی لەچەند مانگی رابردوو روویاندا.
بڕیار وایە پێشنیازەکان بگەڕێندرێنەوە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان و لەوێ تاوتوێ بکرێن.
شاندەکەی حکومەت لە هەریەک لە پشتیوان سادق، سەرۆکی تیمی وزاری پارتی و دانا عەبدولکەریم، ئەندامی تیمی وزاری بزووتنەوەی گۆڕان و عەبدوڵڵا حاجی مەحموود، وەزیری شەهیدان و ئەنفالکراوان پێکهاتبوون، کە لەسەر رەزامەندی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، سەردانی قوباد تاڵەبانی و تیمی وەزاری یەکێتییان کردبوو.