عێراق لە پلەی دووەمی لیستی هەناردەکاری کاڵای ئێرانە

K24 - هەولێر

گوتەبێژی لیژنەی پەرەپێدانی بازرگانی و پیشەسازی ئێران، رایگەیاند، ئاڵوگۆڕی بازرگانی نانەوتی دەرەوەی وڵات بۆ ساڵی 2022، نزیکەی 113 ملیار دۆلار بووە، هەروەها عێراق وڵاتی دووەم بووە بۆ ئەو هەناردەکردنانە.

روحوڵڵا لەتیفی، گوتەبێژی لیژنەی پەرەپێدانی بازرگانی ئێران بە ئاژانسی هەواڵی ئێرانی رایگەیاند، "ئاڵوگۆڕی بازرگانی نانەوتی بە بەهای 112 ملیار و 821 ملیۆن دۆلاربووە، کە لە رووی بەهاوە بە رێژەی 11.2، زیادیکردووە، ئەم قەبارەیەش لە مێژووی وڵاتدا بە بێهاوتا دادەنرێت، چونکە بە بەراورد بە ساڵی پێشوو 11 ملیار و 380 ملیۆن دۆلار زیادیکردووە.

لەتیفی ئاماژەی بەوەشکرد، لەو بڕە بازرگانییە دەرەکییە پشکی هەناردەکردنی بەرهەمە نانەوتیەکان، بە بەهای 53 ملیار و 166 ملیۆن دۆلاربووە، بە بەراورد بە ساڵی رابردوو بە رێژەی 10% زیادیکردووە،  ژمارەی پێشوو بۆ بەهای هەناردەکردن 50 ملیار و 561 ملیۆن دۆلار بووە، و لە ساڵی 2015 تۆمارکراوە.

گوتەبێژی لیژنەی پەرەپێدانی بازرگانی ئێران، سەبارەت بە پێنج وڵاتی یەکەم کە شوێنی هەناردەکردنی ئێرانیان پێکهێناوە لە ساڵی رابردوودا گوتی: چین بە هاوردەکردنی 14 ملیار و 584 ملیۆن دۆلار، عێراق بە 10 ملیار و 238 ملیۆن دۆلار، تورکیا بە حەوت ملیار و 459 ملیۆن دۆلار، ئیمارات بە پێنج ملیار و 767 ملیۆن دۆلار و هیندستان بە 2 ملیار و 146 ملیۆن دۆلار، پێنج شوێنی سەرەکی هەناردەکردنی کاڵای ئێرانی بوون لە ساڵی رابردوودا.

ئەو لە درێژەی قسەکانیدا گوتی، "لە ساڵی رابردوودا زیاتر لە 37 ملیۆن و 180 هەزار تۆن کاڵا هاوردەی ناو وڵاتەوە کراوە، بە بەهای 59 ملیار و 655 ملیۆن دۆلار.