نەخۆشخانەی فێرکاری خەرتوم: خەریکە هەموو شتێک تەواو دەبێت

K24 - هەولێر

لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕو پێکدادانەکانی نێوان سوپا و هێزەکانی پشتیوانی خێرا، نەخۆشخانەکانی سوودان زیانی زۆریان بەرکەوتووە.

دوای ئەوەی پایتەختی سوودان بووە ناوچەیەکی جەنگی، نەخۆشخانەی فێرکاری خەرتووم، بریندارێکی زۆری شەڕی سوودانی لە خۆگرتووە، هەروەها خەریکە پێداویستییە پزیشکیەکان تەواو دەبن، چەند رۆژێکیشە پزیشک و پەرستار و نەخۆش و کەسوکارەکانیان لەناوەوە گیریان خواردووە.

بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە 17ی نیسانی 2023، بەشێک لە نەخۆشخانەکە بەهۆی بۆردومانەوە زیانێکی زۆری بەرکەوتووە.

لەلایەکی دیکەوە، د. ئەمین سەعد دەڵێت "هەموو شتێک خەریکە تەواو دەبێت، ئێمە بە کەمترین سەرچاوە کاردەکەین و هەموومان ماندوو بووین، پزیشکی کەممان هەیە".

بەگوێرەی ئاماری سەندیکای پزیشکان، نەخۆشخانەی فێرکاری خەرتوم یەکێکە لەو شەش نەخۆشخانەیەی کە لەئێستادا داخراون، بەهۆی ئەوەی لە شەڕەکەدا زیانیان پێگەیشتووە پێداویستیەکانیان تەواوبووە.

ڤۆڵکەر پێرێتز، نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان لە سودان رایگەیاند، لە سەرەتای شەڕەکەوە تا ئێستا زیاتر لە 180 کەس کوژراون و زیاتر لە 1800 کەسیش برینداربوون.

نزیکەی 20 نەخۆشخانە لە خەرتومی پایتەخت و شاری ئوم دورمانی دراوسێی هەیە، پزیشکان دەڵێن، ئەوانەی هێشتا دەتوانن کار بکەن، ماندووبوون و بەدەست کەمی هێزی کارەوە ، پێداویستییەکان تەواو دەبێت و بەردەوام ئاو و کارەبایان دەبڕێت.