دوای 11 ساڵ وەزیرانی دەرەوەی سووریا و تونس کۆبوونەوە

ساتی پێشوازیکردنی نەبیل عەممار،  وەزیری دەرەوەی تونس لە  فەیسەڵ میقداد، وەزیری دەرەوەی سووریا | دووشەممە 17ـی نیسانی 2023 | وێنە: AA
ساتی پێشوازیکردنی نەبیل عەممار، وەزیری دەرەوەی تونس لە فەیسەڵ میقداد، وەزیری دەرەوەی سووریا | دووشەممە 17ـی نیسانی 2023 | وێنە: AA

K24 - هەولێر:

دوای 11 ساڵ وەزیری دەرەوەی سووریا سەردانی تونسی کرد و لەگەڵ نەبیل عەممار، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە کۆبووەوە.

وەزارەتی دەرەوەی تونس، راگەیەندراوێکی سەبارەت بە سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی سووریا و کۆبوونەوەی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەیان بڵاوکردەوە.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە: ''وەزیری دەرەوەمان عەممار، لەنێوان رۆژانی 17-19ی نیسان، پێشوازی کرد لە وەزیری دەرەوەی سووریا میقداد کە سەردانی فەرمی بۆ وڵاتەکەمان ئەنجامداوە''.

ئەمە لە کاتێکدایە، وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر توندوتیژییەکانی رژێمی ئەسەد بۆ سەرکوتکردنی راپەڕینی گەلەکەی لە بەهاری عەرەبیدا، تونس 11 ساڵ لەمەوبەر پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی لەگەڵ سووریادا پچڕاند.

مونسیف مەرزوقی، سەرۆککۆماری پێشووی تونس،  لە ساڵی 2012دا بڕیاریدا بە دەرکردنی باڵیۆزی سووریا لە وڵاتەکەی.

تونس لە ساڵی 2017دا نوێنەرایەتی سنوورداری دیپلۆماسی گەڕاندەوە بۆ سووریا و لە کۆتایی ساڵی 2018شدا گەشتی ئاسمانیی نێوان هەردوو وڵاتەکە دەستی پێ کردەوە.

سەرۆکایەتی کۆماری تونس لە نۆی شوباتدا رایگەیاند کە قەیس سەعید، سەرۆککۆمار خوازیاری بەرزکردنەوەی ئاستی نوێنەرایەتییەکەیانە لە سووریا و لە چواری نیساندا رێنمایی دەرکرد بۆ دەستپێکردنی کاروباری دانانی باڵیۆزی وڵاتەکەی لە سووریا.