پارتی و یەکێتی لەبارەی جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی پێکهێنانی کابینەی نۆیەمەوە رای جیاوازیان هەیە

سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیران
سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیران

K24  - هەولێر:

پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان هەردوولا یەکتر بە جێبەجێنەکردنی رێککەوتنامەی پێکهێنانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان تۆمەتبار دەکەن. یەکێتی دەڵێت، رێککەوتنەکە جێبەجێنەکراوە و پارتیش دەڵێت، یەکێتی ئاستەنگ بووە لەبەردەم جێبەجێنەکردنی رێککەوتنەکە وەکو خۆی.

ئەمڕۆ سێشەمە (18ــی نیسان/ ئێپڕێڵی 2023)، بڵند ئیسماعیل، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتی بە کوردستان24ــی راگەیاند، یەكێتی نیشتمانی کوردستان خۆی ئاستەنگ بووە لەبەردەم جێبەجێنەکردنی رێککەوتنەکە و هەمیشە کۆسپیان لەبەردەم جێبەجێکردنی بەرنامەی حکومەت دروستکردووە، بە تایبەت بەرنامەی چاکسازی.

لەبارەی پۆستەکان یەکێتی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان، بڵند ئیسماعیل ئاماژەی بەوەکرد، یەکێتی زۆر لە شایستەی خۆی زیاتر پۆستی پێدراوە.

لەلایەن خۆیەوە سەعدی پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان رایگەیاند، بەشێک لەو پۆستانە زوو پڕکرانەوە لەلایەن پارتی، کە لە رێککەوتنامەکە هاتبوو کە پێویستبوو لەگەڵ یەكێتی بەهاوبەشی پڕی بکەنەوە و رای یەکێتیش وەرگیرێت لە پڕکردنەوەی پۆستەکان.

ماوەی زیاتر لە چوار مانگە تیمی یەکێتی بەشداری لە کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزیران ناکەن و رۆژی (17ـی نیسانی 2023)، دوای رەزامەندی دەربڕینی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی تیمێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی قوباد تاڵەبانییان کرد بە مەبەستی گەڕانەوەیان و بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24، لە کۆبوونەوەکەی رۆژی دووشەممەی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ قوباد تاڵەبانی و تیمی وەزاری یەکێتی، شاندەکەی حکومەت دوو پێشنیازیان خستووەتە بەردەم تیمی یەکێتی.

پێشنیازی یەکەم ئەوە بووە قوباد تاڵەبانی و تیمەکەی پێکەوە بگەڕێنەوە کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزیران لەوێ قسە لەسەر کێشەکان و چارەسەرکانی بکرێت.

پێشنیازی دووەم ئەوە بووە کە سەرەتا تیمی وزاری یەکێتی بگەڕێتەوە کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزیران، دواتر قوباد تاڵەبانی بگەڕێتەوە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، قوباد تاڵەبانی و تیمی وەزاری یەکێتی بۆچوونێکی پێچەوانەیان هەبووە، قوباد تاڵەبانی و تیمەکەی داوایان کردووە سەرەتا کێشەکانیان و داواکارییەکانیان جێبەجێ بکرێت دواتر ئەوان دەگەڕێنەوە کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزیران.