سوودانی: لەم هەفتەیەدا هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستپێدەکاتەوە

"دیناری عێراقی بەهێزە و وڵات لە باشترین دۆخی دارایی دایە"

K24 - هەولێر

سەرۆکوەزیرانی عێراق رایدەگەیەنێت، لەم هەفتەیەدا هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستپێدەکاتەوە.

لەمیانی دیداری لەگەڵ ژمارەیەک میدیاکار و رۆژنامەنووس، محەممەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند "لەم هەفتەیەدا هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستپێدەکاتەوە، پاش رێککەوتنی هەرێم و بەغدا هەندێک رێکار هەن بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت کە زۆرینەیان تەواو بوونە".

سەرۆک وەزیرانی عێراق باسی لەوەشکرد "رێککەوتن هەیە بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان کە سەرجەم لایەنەکان پابەندن پێوەی و ئەو دۆسیەیە جێگەی بایەخی حکومەتە".

ئاماژەی بەوەشدا، دەستیان بە گەڕانەوەی ئاوارەکان کردووە بە ئاوارەکانی دەرەوەی عێراقیشەوە.

محەممەد شیاع سوودانی ئەوەشی خستەڕوو "دیناری عێراقی بەهێزە و وڵات لە باشترین دۆخی دارایی دایە، بەهای هەر دۆلارێک بەرامبەر بە دینار بۆ 1320 دینار دابەزێت".

سوودانی، راشیگەیاند "ناجێگری بەهای دۆلار لە ماوەکانی رابردوودا، هۆکارەکەی پابەند نەبوونی حکومەتی پێشوو بووە بە رێککەوتنەکانی لەگەڵ وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا".