ئەمشەو مانگێکی دەستکردی ناسا دەکەوێتە خوارەوە

وێنەیەکی مانگی دەستکردی “RHESSI” لە بۆشایی ئاسمان | وێنە: NASA
وێنەیەکی مانگی دەستکردی “RHESSI” لە بۆشایی ئاسمان | وێنە: NASA

K24 - هەولێر:

مانگێکی دەستکردی ئاژانسی ناسای ئەمەریکی دەکەوێتە خوارەوە و شوێنی کەوتنەخوارەوەکەشی دیار نییە.

چاوەڕێ دەکرێت نزیکەی کاتژمێر 09:30ـی ئەمشەو (چوارشەممە 19ـی نیسانی 2023) بە کاتی هەولێر، مانگی دەستکردی “RHESSI” کە سەر بە ئاژانسی ناسای ئەمەریکییە و کێشەکەی نزیکەی 300 کیلۆگرامە، بکەوێتە خوارەوە.

بەرپرسانی ناسا و وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا - پێنتاگۆن دەڵێن، زۆرینەی بەشەکانی ئەو مانگە دەستکردە لەنێو بەرگی هەوادا دەسووتێن و چەند پارچەیەکی بچووک لێی دەکەونە سەر هەسارەی زەوی.

تا ئێستا شوێنی کەوتنەخوارەوەی مانگە دەستکردەکە لەسەر زەوی دەستنیشاننەکراوە، بەڵام بەگوتەی بەرپرسانی ناسا ئەگەری بەریەککەوتنی لەگەڵ مرۆڤ کەمە و بە رێژەی یەک لەسەر 2،467ـە.

ساڵی 2002 مانگی دەستکردی “RHESSI” بە مەبەستی لێکۆڵینەوە لە رۆژ لەلایەن ئاژانسی ناساوە بەرەو بۆشایی ئاسمان هەڵدرا، بەڵام لەوەتەی ساڵی 2018ـە بەهۆی نەمانی پەیوەندی لەگەڵ بەرپرسانی ئاژانسەکە لەژێر خزمەتگوزاریدا نەماوە.