لە سەری ساڵی ئێزدییەکان رێوڕەسمی جیاواز و سەرنجڕاکێش بەڕێوەدەچن
K24 - هەولێر:
ساڵانە لە رۆژی سەری ساڵی کوردانی ئێزیدی رێوڕەسمی جیاواز و سەرنجڕاکێش بەڕێوەدەچن.
جووتیارانی کوردانی ئێزیدی بەیانی رۆژی سەری ساڵیان کە بە "چوارشەمبا سوور" ناسراوە، بەیەکەوە دەچنە نێو دەخل و دانەکانیان.
کاتێک ئەو جووتیارە ئێزیدیانە دەچنە سەر کێڵگەکانیان، دوای پاککردنەوەیان، توێکڵی هێلکەکان لە زەوییەکانیان بڵاودەکەنەوە، چونکە بڕوایان بەوەیە خێر و بەرەکەت دەگاتە ئەو زەوییانە.
مام کورتان خورزی، یەکێکە لە جووتیارە ئێزدییەکان و دەڵێت، ئەو کارەی ئەوان دەکەن، پێشووتر باو و باپیریان ئەنجامداوە، دوای ئەوەی یاری بە هێلکە رەنگاورەنگەکان دەکەن، توێكڵەکانیان فڕێدەدەنە نێو زەوییەکانیان.
بە بڕوای ئێزیدییەکان، لە رۆژی "چوارشەمبا سووردا" هەسارەی زەوی دروستکراوە و هۆکاری رەنگاورەنگکردنی هێلکەکانیش بۆ سرووشتی زەوی دەگەڕێننەوە.