بە ڤیدیۆ؛ رێوڕەسمی جەژنی سەری ساڵی ئێزیدییان لە لالش بەڕێوەچوو
K24 - هەولێر:
ئێوارەی دوێنێ سێشەممە رێوڕەسمی جەژنی سەری ساڵی ئێزیدییان لە لالش بەڕێوەچوو.
ئێوارەی رۆژی سێشەممە 18ـی نیسانی 2023، سەدان گەنج و لاو و پیری کوردانی ئێزیدی بەشداریان لە رێوڕەسمی سەری ساڵ کە بە "چوارشەمبا سوور" ناسراوە لە لالش کرد.
سیڤۆ دەرباس، هونەرمەندێکی کوردی ئێزیدییە و لە ئەوروپاوە گەڕاوەتە هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی بەشداری لە رێوڕەسمی جەژنی سەری ساڵ لە لالش بکات و دەڵێت، لە ئەوروپاش رێوڕەسمی جەژنی سەری ساڵی کوردانی ئێزیدی بەڕێوەدەچێت، بەڵام لە پەرستگەی لالش چێژێکی تایبەتی هەیە.
سەباح ئەلیاس، کوردێکی ئێزیدی دانیشتووی شنگالە و بۆ بەشداریکردن لە رێوڕەسمی جەژنی سەری ساڵ هاتووەتە لالش و دەڵێت: لەگەڵ هاوڕێکانم و خێزانەکەم هاتوومەتە لالش بۆ بەشداریکردن لە جەژنی سەری ساڵ، ئەم رۆژە هەموومان کۆدەکاتەوە و رۆژێکی تایبەتە بۆمان.
ئێوارەی جەژنی سەری ساڵ کوردانی ئێزیدی دەچنە پەرستگای لالش و چرا لە پەرستگاکە هەلدەکەن.
بە بڕوای ئێزیدییەکان، لە رۆژی "چوارشەمبا سووردا" هەسارەی زەوی دروستکراوە و هۆکاری رەنگاورەنگکردنی هێلکەکانیش بۆ سرووشتی زەوی دەگەڕێننەوە.