ژمارەی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان لە سووریا دووهێندەی تێکڕای جیهانە

خاوەن پێداویستییەکی تایبەتی سووریا
خاوەن پێداویستییەکی تایبەتی سووریا

K24- هەولێر:

شەڕە وێرانکارییەکانی سووریا کارەساتێکی دیکەی بۆ خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان زیاد کردووە، لە ئەنجامی بۆردومانەکان یان پاشماوەکانی مین و بۆمبە نەتەقیوەکان، یان لە ئەنجامی ئەشکەنجەدان لە کاتی گرتن و دەستبەسەرکردندا.

ساڵی رابردوو ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان مەزەندەیان کرد کە رێژەی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان لە سووریا نزیکەی 28%ی خەڵکی سووریا بووە، کە دوو هێندەی تێکڕای جیهانییە و زۆرترین ژمارەشیان منداڵن.

 لە راپۆرتێکدا کە لەلایەن هیومان رایتس وۆچەوە ئامادەکراوە، ئامینە سێریمۆڤیچ-ی توێژەر باسی لە "کاریگەرییە کارەساتبار و وێرانکەرەکانی سەر منداڵانی خاوەن پێداویستی تایبەت" کردووە و دەڵێت: لەسەدا 19ی خەڵکی سووریا، کە تەمەنیان لە نێوان 2 بۆ 17 ساڵیدایە، بەهۆی کەمئەندامییەتی جەستەیی یان دەروونییەوە دەناڵێنن.

کارمەندێکی بەرپرس لە یەکێک لە ناوەندەکانی چاودێری بۆ کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت لە دەرعا بە شەرقولئەوسەتی راگەیاند، هیچ ئامارێکی دروست نییە لەسەر ژمارەی ئەو کەسانەی کە پێویستی تایبەتیان هەیە لە پارێزگاکەدا، بەڵام بەردەوام لە زیادبووندایە.

کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت، بە هۆی تێکچوونی بارودۆخی ئەمنی و ئابووری و نەبوونی کادیری تایبەتمەند، هەروەها دابەزینی بەهای دراوی سووری بەرامبەر بە دراوەکانی دیکە، بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی تێچووی نرخی ئەندامی دەستکرد، کە لە پێنج ملیۆن لیرەی سوری کەمتر نییە بۆ جۆرەکانی کوالیتی مامناوەند.

ئەو فەرمانبەرە ئاماژەی بەوەشکرد، خاوەن پێداویستە تایبەتەکان تەنانەت ناتوانن یەک دانیشتنی چارەسەری فیزیایی دابین بکەن، کە نرخەکەی لە ناوەندە تایبەتەکان گەیشتووەتە زیاتر لە 60 هەزار لیرەی سووری.