باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە لوبنان یادی 40 ساڵەی تەقینەوەی باڵەخانەکەی دەکاتەوە

باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەیروت
باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەیروت

K24 - هەولێر:

دۆرۆتی شیا، باڵیۆزی ئەمەریکا لە بەیروت، رایگەیاند، هەوڵەکانی حزبوڵڵا بۆ "شکاندنی ئێمە" شکستیان هێناوە، هەروەها کەس ناتوانێت ئەو ئیرادە بشکێنێت "ئەگەرهەموومان پێکەوە کاربکەین."

ئەو لێدوانەی شیا لەکاتی یادکردنەوەی چلەمین ساڵیادی بۆردومانکردنی باڵەخانەی باڵیۆزی ئەمەریکا بوو لە بەیروت، کە لە 18ی نیسانی 1983، کاتێک هێرشێکی خۆکوژی کرایە سەر و بەهۆیەوە 63 کەس کوژران، لەنێویاندا 52 کارمەندی لوبنانی و ئەمەریکی.

لە راگەیەندراوەکەی باڵیۆزخانەکەدا ئەوەش هاتووە، "خێزانی قوربانییەکان لەگەڵ باڵیۆز دۆرۆتی شیا، لە باڵیۆزخانەکە بوون بۆ رێزگرتن لەو ژن و پیاوانەی لەم هێرشەدا گیانیان لەدەستداوە."

لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، "دوای چل ساڵ لە هێرشە خۆکوژییەکە، ئەمەریکا پابەندە بە هەوڵەکانی بۆ شکستپێهێنانی تیرۆریستان لە هەر کوێیەکدا بدۆزرێنەوە". دووپاتیشی کردەوە، "گەلی ئەمەریکا هەرگیز ئەو کەسانە لەبیر ناکات کە لە پێناو ئاشتی و بەرەوپێشبردنی مافەکانی مرۆڤ و پێشخستنی ئازادییە بنەڕەتییەکان گیانیان لەدەستدا".

باڵیۆز شیا تاجە گوڵینەی لەسەر یادگارییەکە لە باڵیۆزخانەی ئەمەریکادا دانا، کە دەستەواژەی "بە ئاشتی هاتوون" هەڵکەندراوە.

وە شیا ئاماژەی بەوەدا، "ئێمە لەگەڵ هاوکارە لوبنانییەکانمان لە کاتە سەختەکاندا خزمەتمان کرد و لە کاتی ئەو بارودۆخە تەحەدایەی کە ئەمڕۆ لوبنان رووبەڕووی دەبێتەوە."

روونیشی کردەوە، "ئێمە هاوکار و خزم و هاوڕێکانمان لەبیرە کە لە بۆردومانی باڵیۆزخانەکەدا لە ساڵی 1983 گیانیان لەدەستدا، ئێمە لێرە کۆبوینەوە وەک رێگەیەک بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە ترسناکە کە لە ژیانی خێزان و هاوڕێکانیاندا دروست بووە.

جەختیشی لەوە کردەوە کە گەلی ئەمەریکا و لوبنان "هێز و ئیرادەیان هەیە بۆ بەردەوامبوون لە هەنگاونان بەرەو داهاتوویەکی باشتر و گەشاوەتر و ئارامتر".

لە ساڵیادی بۆردومانەکەی باڵیۆزخانەی ئەمەریکادا، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دوێنێ خەڵاتی تا حەوت ملیۆن دۆلاری راگەیاند لە بەرامبەر ئەو زانیاریانەی کە دەبنە هۆی دەستگیرکردن یان سزادانی تۆمەتباری بۆردومانەکە، ئیبراهیم عەقیل، سەرکردە لە حزبوڵڵا.