به‌ریتانیا هه‌ڕه‌شه‌ له‌ ئێران و چین ده‌كات

ئاڵای به‌ریتانیا
ئاڵای به‌ریتانیا

K24 - هەولێر:

حکومەتی بەریتانیا هۆشداریدایە چین و ئێران لە بەرامبەر هەوڵەکانیان بۆ رفاندنی هاووڵاتیانی ئۆپۆزسیۆنیان لەناو خاکی بەریتانیا.

له‌مباره‌یه‌وه‌ وەزیری دەوڵەت بۆ پۆلیس و تاوانی به‌ریتانیا رایگه‌یاند، ئەم جۆرە کارانە لێخۆشبوونیان بۆ نییه‌.

کریس فیلیپ وەزیری دەوڵەت بۆ پۆلیس و تاوان لەناو پەرلەمانی وڵاتەکەی باسی پۆلیسی نهێنی چین و هەوڵەکانیان بۆ ترساندن و رفاندن و رادەستکردنەوەی هاوڵاتیانی ئۆپۆزسیۆن دەکات و داوا لە پەرلەمان دەکات هاوکاریابن لەرێگەی تێپەڕاندنی پڕۆژە یاسای ئاسایشی نیشتمانییەوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو هەوڵانە.

فیلیپ هه‌روه‌ها گوتی: "هەر هەوڵێک بۆ هەڕەشە لێکردن و گرتن و بەنایاسایی گەڕاندنەوەی خەڵکی بۆ وڵاتی خۆیان، چاوپۆشی و لێخۆشبوونی بۆ نییە".

ده‌شڵێت: "ئەم چالاکییە خراپانە بەشێکن لە کار و چالاکی حکومەتە سەرکوتکارەکان نەک تەنیا چین، سەرکوتکردنی خەڵکی و دەنگی رەخنەگرانە لە دەرەوەی وڵاتەکەی خۆت و لە وڵاتانی دیکە، پێشێلی دیموکراسی و سەروەری یاسایە، لە بەرژەوەندی تەسکی جیۆسیاسی خۆیانه‌".

گوتیشی: "هەوڵدان بۆ ترساندن و هەڕەشەلێکردن و گرتن و رادەستکردنەوەی هاووڵاتیان لە ناو خاکی بەریتانیا، تەنیا چین نەیکردووە بەڵکو ئێرانیش ئەم کارەی کردووە و نموونەیەکی روونە، بەهیچ شێوەیەک ئەمە قبوڵکراو نییە و لەرێگەی پرۆژە یاسای ئاسایشی نیشتمانیەوە دەسەڵاتمان زیاتر دەبێت بۆ رووبەرووبوونەوەی ئەو کەس و لایەنانەی لەو ناو وڵاتەکەمان بۆ وڵاتێکی دەرەکی کاردەکەن".