هه‌ولێر یاریی كلاسیكۆی له‌ دهۆك برده‌وه‌

گرته‌یه‌ك له‌ یاریی هه‌ولێر و دهۆك له‌ كلاسیكۆی كوردستان
گرته‌یه‌ك له‌ یاریی هه‌ولێر و دهۆك له‌ كلاسیكۆی كوردستان

زیاتر لە کاتژمێرێک بەر لە فیکەی ناوبژیوان و دەستپێکی یاریی کلاسیکۆی کوردستانی نێوان هەولێر و دهۆک لە خولی نایابی عێراق، هاندەران پەیژەی یاریگای فرەنسۆ هەریریان پڕ کرد زیاتر لە بیست هەزار هاندەر ئامادەی یارییەکە بوون، بەشی هەرە زۆری هاندەرانی هەولێر و بەشێک لە هاندەرانیش لە دهۆکەوە هاتبوونە هەولێر و لە یاریگا ئامادەبوون بۆ پاڵپشتی تیپەکەیان، مەسروور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش یەکێک بوو لە ئامادەبووانی کلاسیکۆی کوردستان.

لە خولەکی 28، مه‌ترسییه‌كانی یانه‌ی هه‌ولێر ده‌ستی پێكرد، كاتێك هەڵۆ فایەق بە مووشەکێک ستوونی دهۆكی هه‌ژاند. دواتر هه‌ولێر له‌ هه‌وڵێكی دیكه‌دا له‌ رێگه‌ی حەسەن عاشوور بەختی خۆی تاقیکردەوە، به‌ڵام ئەحمەد بەشاری گۆڵپارێزی دهۆك بەرپەرچی دایەوە. دوای نیو کاتژمێر رەوا یوسف یاریگای جێهێشت و مۆیەد عەبدولباس شوێنی گرتەوە.

یاریزانی ئۆگەندی ئیمانوێل ئۆکۆیا دەرفەتی هەبوو لە خولەکی 40 گۆڵی یەکەمی هەولێر بکات و دەرفەتەکەی بە ئاسانی فەوتاند.

هەولێر هێرش دوای هێرشی دەبردە سەر گۆڵی دهۆک، دیسان لە هەژاندنی تۆڕی گۆڵ شکستیان هێنا. لە دوایین خولەکی نیوەی یەکەمدا هەڵۆ فایەق مووشەکێکی دیکەی رەوانەی گۆڵ کرد و ئەحمەد بەشار بە نەخێر وەڵامی دایەوە. ئەمجاره‌ش ستوون رەحمی بە ئەحمەد بەشار کرد و مووشەکە نوێیەکەی هەڵۆ فایەق ستوونی گۆڵی کردە ئامانج.

ناوبژیوان فیکەی کۆتایی نیوەی یەکەمی یارییەکەی لێدا و کلاسیکۆی کوردستان نیوەی یەکەمی بە ئەنجامێکی سپی بەبێ گۆڵ کۆتایی هات.

لە نیوەی دووەمدا هەولێر لە سەرەتاوە هەوڵیدا فشار لەسەر گۆڵی دهۆکی میوانی دروست بکات. هەڵۆکەی گەرمیان کە لە گۆڵکردن بێبەخت بوو، لەم هه‌وڵێكی دیكه‌یدا دەرفەتی گۆڵی رەخساند، بەڵام شێرکۆ کەریم سوودی لە تۆپەکە نەبینی و نەیتوانی بیخاتە گۆڵەوە.

چارەکیک لە نیوەی دووەم تێپەڕی و هەولێر بێدەنگ بوو، پاشان راهێنەر دەستی بە گۆڕانکاری کرد لە پێناو باشترکردنی دۆخیان لە یارییەکە. کاتە زێڕینەکەی هەولێر هات، یارییەکە گەیشتە خولەکی 64 بە ئەسیستی حەسەن عاشوور، مەحموود خەلیل بە لێدانێکی سەر گۆڵی کرد و یاریگای فرەنسۆ هەریری هەژاند و هەولێر بە گۆڵی یەکەم لە یارییەکە پێشکەوت.

ئەم گۆڵەی هەولێر کلاسیکۆی کوردستانی گەرم و گوڕتر کرد، دهۆک دوای گۆڵەکە چەند گۆڕانکارییەکی کرد و هەوڵەکانی بۆ یەکسان کردنەوەی ئەنجامەکە دەستپێکرد. رێوان ئەمین لە دوورەوە تۆپێکی ئاراستەی گۆڵی هەولێر کرد و رێبازی گۆڵپارێز تۆپەکەی دوورخستەوە.

لە دوا خولەکی یارییەکە رێباز هەولێری لە گۆڵێکی سەد لە سەد پاراست و بەرپەرچی مووشەکەکەی ژیار گۆڤەندی دایەوە و پارێزگاری لە خاوێنی گۆڵی هەولێڕ کرد. ئه‌گه‌رچی دهۆک نەیدەوەیست بە دەستبەتاڵی بگەڕێتەوە و لە کۆتاییەکان هەرچی کردی نەیتوانی ئەنجامەکە یەکسان بکاتەوە.

ناوبژیوان فیکەی کۆتایی لێدا و کلاسیکۆی کوردستان لە خولی نایابی عێراق بە سەرکەوتنی هەولێر بە گۆڵێکی بێبەرامبەر کۆتایی هات، هەولێر لە دوایین پێنج یاریی چوارەمین سەرکەوتنی بەدەستهێنا باڵانسی خاڵەکانی بۆ 32 خاڵ بەرز کردەوە، دهۆکیش تووشی شەشەمین دۆرانی ئەم ەرزە بوو  بە خاوەنی 36 خاڵ مایەوە.