کوالێتی کۆنتڕۆڵی دەرمان هۆشداری دەدات لە بەکارهێنانی دەرمانێکی ساختە

جۆری دەرمانەکە
جۆری دەرمانەکە

K24 – هەولێر:

دامەزراوەی کوالێتی کۆنتڕۆڵی دەرمان هۆشداری دەداتە سەرجەم کۆگاکانی دەرمان و دەرمانخانەکان و هاووڵاتییان لە بەکارهێنانی دەرمانی Janumet 50mg/1000mg بە ژمارەی باجی S016392.

کوالێتی کۆنتڕۆڵی دەرمان  ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو دەرمانە ساختەیە و نابێت بەکاربهێندرێت و مامەڵەکردن و بڵاوبوونەوەی دەرمانەکە لە دەرمانخانە و کۆگاکان مەترسی گەورە لەسەر تەندروستی بەکارهێنەر دروست دەکات.

ئەو دەرمانە کە ماوەی درووستبوونەکەی وەک لەسەر پاکەتی دەرمانەکە ئاماژەی پێکراوە بریتییە لە (11/2020) و لە (11/2023) ماوەی بەسەرچوونییەتی بەڵام ستیکەری کوالیتی کۆنترۆڵی دەرمانی لەسەر نییە.

هەروەها دامەزراوەی کوالێتی کۆنتڕۆلی دەرمان هۆشداری بە دەرمانخانە و کۆگاکانی دەرمان دەدا کە پابەندی تەواوی رێنماییەکان بن و خۆیان بەدوور بگرن لە مامەڵەکردن لەگەڵ دەستگێڕ و ساغکردنەوەی دەرمانی ساختە و هەڵخەڵەتاندنی نەخۆش بە بیانووی هەرزانی بە پێچەوانەوە رووبەڕووی توندترین سزای یاسایی دەبنەوە.

لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا، دامەزراوەی کوالێتی کۆنتڕۆڵی دەرمان دڵنیایی تەواو دەداتە هاووڵاتییان لەسەر بەرهەمە دەرمانسازییەکان کە ستیکەری وەزارەتی تەندروستییان لەسەرە، شیاوی بەکارهێنانن.

هاوکات داواشدەکات لە ئەگەری بوونی هەر زانیارییەک لەسەر بوونی دەرمانی نایاسایی تیمەکانی چاودێری بازاڕ ئاگاداربکەنەوە لە رێگای ژمارە تەلەفۆنی (07502356000).