سبەی لە هەرێمی کوردستان یەکەم رۆژی جەژنی رەمەزانە

K24 - هەولێر:

لینژەی باڵای بینینی مانگ رایگەیاند سبەی هەینی لە هەرێمی کوردستان یەکەم رۆژی جەژنی رەمەزانە.

ئەمشەو (20ـی نیسانی 2023)، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا، پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دوای بینی مانگ لە سەر ئاستی سەرجەم پارێزگاکان، بەیانی یەکەم رۆژی جەژنی رەمەزانی پیرۆزە، بەو بۆنەیەوە پیرۆزبایی لە تەواوی موسڵمانانی کوردستان و جیهان دەکەین.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، پشتیوان سادق، گوتیشی: " هیوادارم ئەو جەژنە ببێتە هەوێنی ئاشتی بۆ ناو ماڵی کورد و کۆتایی بێت بە کێشە و ململانێکان".

هەروەها وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستخۆشی لە مامۆستایانی ئایینی کرد لە مانگی پیرۆزی رەمەزاندا، رۆڵی گەورەیان گێڕا و ماندووبوون لە خزمەتی موسوڵمانان و مزگەوتەکان. هەروەها سوپاسی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکان کرد بۆ پاراستنی ئاسایش و ئارامی هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی بتوانن لە ئارامیدا خواپەرستی و پەرستشەکانی خۆیان بە ئازادی بکەن.

هاوکات دیوانی وەقفی سوننی و خانەی فتوانی عێراق تایبەت بە سوننەکانی عێراق رایگەیاند، سبەی هەینی (21ـی نیسانی 2023) یەکەم رۆژی جەژنی رەمەزانی پیرۆزە، بەڵام نووسینگەی سیستانی، گەورە مەرجعی شیعەکان رایگەیاند، رۆژی شەممە یەکەم رۆژی جەژنی رەمەزانی پیرۆزە.

هەروەها دوای هەریەکە لە وڵاتانی تورکیا و سعوودیە، قەتەر و ئیماراتیش رایانگەیاند، سبەی یەکەم رۆژی جەژنی رەمەزانی پیرۆزە، بەڵام هەریەکە لە وڵاتانی میرنشینی عومان، مالیزیا، ئەندۆنیسیا، ژاپۆن، سەنگاپوورە، میرنشینی برۆنای، ئوسترالیا و تایلەند رایانگەیاند، سبەی هەینی تەواوکەری مانگی رەمەزان دەبێت و رۆژی شەممە 22ـی نیسان دەبێتە یەکەم رۆژی جەژنی رەمەزانی پیرۆز و یەکەم رۆژی مانگی شەوال بەپێی رۆژمێری کۆچی.