ئەرشەد لۆلانی: مووچەی هاووڵاتییان لە سلێمانی بۆ مەرامی سیاسی بەکاردەهێندرێت

K24 – هەولێر:

پەرلەمانتارێکی کوردستان رایدەگەنێت، هەموو مانگێک بە تەواوی داهاتی سلێمانی نێردراوە، بەڵام داهاتەکانی سلێمانی ناگەرێندرێنەوە خەزێنەی گشتی حکومەت، دەشڵێت: "مووچەی هاووڵاتییان لە سلێمانی بۆ مەرامی سیاسی بەکاردەهێندرێت".

ئەرشەد لۆلانی، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان، بە کوردستان24ــی راگەیاند، ئەو دۆخەی سلێمانی لە ساڵی 2021ەوە بەو شێوەیە، چەند مانگێک چارەسەردەکرێت دواتر دووبارە سەرهەڵدەداتەوە و داهاتەکانی سلێمانی ناگەرێندرێنەوە خەزێنەی گشتی حکومەت، هەروەها هەموو مانگێک بە تەواوی داهاتی سلێمانی نێردراوە.

ئەو ئەندام پەرلەمانەی کوردستان، راشیگەیاند، جێگای پرسیارە ئەو هەموو داهاتە کە کۆدەکرێتەوە لە رێگای باج و رسوماتەکانی دیکە بۆکوێ دەڕوات، دەشڵێت: "مووچەی هاووڵاتییان لە سلێمانی بۆ مەرامی سیاسی بەکاردەهێندرێت، بۆ فشارکردنە سەر حکومەت".

ئەرشەد لۆلانی، ئاماژەی بەوەشکرد، بیانویەکی بڕواپێکراو نییە بۆ کورتهێنان لە داهات، هەندێک جار دەلێن فەرمانبەران کەمتەرخەمن لە کۆکردنەوەی داهات، بۆیە داهاتەکان لە کاتی خۆی کۆناکرێتەوە و ناگەڕێندرێتەوە بۆ خەزێنەی گشتی، چەندین جار لیژنە پێکهێندراوە لەسەر ئەم دۆخە بەڵام چارەسەرنەکراوە.

لۆلانی گوتیشی: "خودی وەزیری دارایی گومانی هەیە لە کۆکردنەوەی داهات لە سلێمانی تاکو ئێستا ئەو بڕە پارەیەی  کە بۆ سلێمانی دەچێت لە سەرەتای ئەم کێشەیەوە نزیکەی 65 ملیار دینار لە داهاتی هەولێر و دهۆک بۆی چووە بۆ چارەسەری کورتهێنان، بەڵام تاکو ئێستا چارەسەرنەکراوە ".

ئەو ئەندام پەرلەمانەی کوردستان، روونیکردەوە، پارەی کارەبا 26% لە سنووری سلێمانی هەژمار دەکرێت و داهاتەکەی دەگەڕێتەوە خەزێنەی گشتی، لە کاتێکدا 74% لە سنووری هەولێر و دهۆک دیاری دەکرێت و دەگەڕێتەوە خەزێنە گشتی.