مەولوود سابیر: ئەگەر سلێمانی داهاتی خۆیان بە رێکی کۆبکەنەوە کێشەی مووچەیان نامێنێت

مەولوود سابیر، بەڕێوەبەری گشتی بانکە بازرگانییەکان
مەولوود سابیر، بەڕێوەبەری گشتی بانکە بازرگانییەکان

K24 - هەولێر:

بەڕێوەبەری گشتی بانکە بازرگانییەکانی هه‌رێمی كوردستان رایگەیاند، هەموو مانگێک پارە بێ کەموکوڕی رەوانەی بانکەکانی سلێمانی دەکرێت بۆ مووچە، ئەو کورتهێنانەش کە دروستدەبێت پەیوەندی بە داهاتی ناوخۆی سلێمانییەوە هەیە.

مەولوود سابیر، بەڕێوەبەری گشتی بانکە بازرگانییەکان، لە میانەی بەشدارییان لە ژووری هەواڵی کوردستان24، رایگەیاند، سلێمانی ئەو داهاتەی لەبەر دەستیاندایە وەک پێویست بەکاری ناهێنن، ئەمڕۆ گرفتێکی گەورە دروستبوو و مووچەی خانەنشینان دابەشنەکرا.

هەروەها بەڕێوەبەری گشتی بانکە بازرگانییەکانی هه‌رێمی كوردستان تایبه‌ت به‌ كوردستان24 له‌باره‌ی نه‌بوونی نه‌ختینه‌ له‌ بانكه‌كانی دابه‌شكردنی مووچه‌ی خانه‌نشینان له‌ سلێمانی دووپاتیكرده‌وه‌، ئه‌وه‌ی له‌و شاره‌ رووده‌دات جێگه‌ی نیگه‌رانییه‌ و گوتیشی: مانگانه‌ وه‌ك هه‌ر پارێزگایه‌كی دیكه‌ی هه‌رێمی كوردستان وه‌زاره‌تی دارایی رێژه‌ی 81%ی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران و خانه‌نشینانی سلێمانی ره‌وانه‌ ده‌كات و ده‌بێت وه‌ك هه‌موو پارێزگاكانی دیكه‌، رێژه‌ی 19%ی دیكه‌ش له‌ داهاتی ناوخۆیی ئه‌و پارێزگایه‌ بخرێته‌ سه‌ر، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ تا ئێستا پابه‌ندنه‌بوونی ئیداره‌ی ئه‌و پارێزگایه‌ به‌و بنه‌مایه‌، وایكردووه‌ كێشه‌ی دابه‌شكردنی مووچه‌ مانگانه‌ دووباره‌ ببێته‌وه‌.

بەڕێوەبەری گشتی بانکە بازرگانییەکان، جەختی لەوەکردەوە، بەڕێوبەری گشتی لە بانکی ناوەندی هەرێم لە سلێمانی، خۆی رەفتار بە داهاتەکان دەکات و  تاک لایەنانە بڕیار دەدات بەبێ ئەوەی بگەرێتەوە بۆ وەزارەتی دارایی، دووپاتیشیکردەوە، "ئەگەر بێت و سلێمانی داهاتی خۆیان بە جوانی و رێکوپێکی کۆبکەنەوە کێشەی مووچەیان نامێنێت".

بەڕێوەبەری گشتی بانکە بازرگانییەکان، گوتیشی: "جیاوازی  زۆر دەکرێت لە دابەشکردنی مووچەی خانەنشینان، هەندێکیان دابەشدەکرێت و هەندێکی دیکە دابەشناکرێت، حکومەت و وەزارەتی دارایی نیگەرانن لەم بارودۆخە".

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، بەڕێوەبەری گشتی بانکە بازرگانییەکان، روونیکردەوە: "داهاتی سلێمانی تەنیا بۆ کۆمپانیاکان دەڕوات".