لەسەرووی ناکۆکییەکانەوە رۆڵی پەرلەمان لە خەباتی سیاسی هەرێمی کوردستان تاوتوێدەکات

لەسەرووی ناکۆکییەکان
لەسەرووی ناکۆکییەکان

K24 - هەولێر:

پەرلەمانی کوردستان وەک یەکەم ئەزموونی کاری پەرلەمانی لە باشووری کوردستان لە دوای راپەڕینە جەماوەرییەکەی ئاداری 1991 دروستبوو، بووە یەکەم هەنگاوی بەدامەزراوەییبوونی ئەم بەشەی کوردستان کە لەژێر دەسەڵاتی حکومەتی عێراق ئازادکرابوو. گەلی کوردستان بەگشتی و پارت و هێزە سیاسییەکان بەتایبەتی توانیان سوود لە بڕیاری 688 ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی وەربگرن بۆ بەڕێوەبردنی ناوچە ئازادکراوەکان، لەو چوارچێوەیەدا سەرەتا دەبوو هەڵبژاردنی پەرلەمان بکرێت و ئەو دامەزراوەیە کارابکرێت بۆ ئەوەی زەمینەسازی بۆ پێکهێنانی حکومەت و دامەزراوکانی تر بکات، لەم نێوەندەدا هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بۆ یەکەم جار لە باشووری کوردستان لە 19ـی ئایاری 1992 ئەنجام درا و بەدوای خۆشیدا پێکهێنانی حکومەتی هێنایە ئارا.

بەرنامەی "لە سەرووی ناکۆکییەکانەوە" لە کەناڵی کوردستان24 لە ئامادە و پێشکەشکردنی رۆژنامەنووس ئەحمەد زاوێتەیی بە میوانداریی هەریەک لە نیعمەت عەبدوڵڵا و سیروان کاکەیی، پەلەمانتارانی خولی یەکەمی پەرلەمانی کوردستان باس لە گرنگی بوونی پەرلەمانی کوردستان و مێژووی دروستبوونەکەی دەکات.

سەرەتا نیعمەت عەبدوڵڵا، پەرلەمانتاری خولی یەکەمی پەرلەمانی کوردستان و سەرۆکی پێشووتری یەکێتی پەرلەمانتارانی کوردستان، سەبارەت بە گرنگی بوونی دامەزراوەی پەرلەمان لە هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد، دوابەدوای راپەڕینەکەی ئاداری 1991 بارودۆخێکی تایبەت لەو بەشە ئازادکراوەی کوردستان دروست بوو، بەتایبەتی دوای کشانەوەی حکومەتی عێراق و دامودەزگاکانی لە هەرێمی کوردستان، بەمەش بۆشاییەکی ئیداری دروستبوو بۆیە پێویست بوو دامەزراوەکان لە هەرێمی کوردستان کارا ببن بۆ ئەوەی بتواندرێت ئیدارەی ناوچەکان بدرێت. بۆ ئەم مەبەستەش دەبوو بەر لە هەموو شتێک دامەزراوەیەک بهێندرێتە ئاراوە کە رەوایەتی بە حکومەت و یاسا و بڕیارەکان بدات، ئەو دامەزراوەیەش بریتی بوو لە پەرلەمان، کە دەکرێت بە رێگەی سەربەخۆیی ناو ببرێ، بەتایبەتی دروستبوونی دامەزراوەی پەرلەمان دروستبوونی حکومەت و دامودەزگاکانی لێ بەرهەم هات، بەمەش تا رادەیەکی سەرکەوتوو، تواندرا سەقامگیری سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابووری لە باشووری کوردستان جێگیر ببێت.

هەروەها نیعمەت عەبدوڵڵا باسی لەوە کرد پەرلەمانی کوردستان بەهۆی گرنگییەکەیەوە لە رووی دامەزراوەییەوە بەردەوام لە دەرەوە هەوڵ دەدرێت ئاستەنگ بۆ رۆڵەکەی دروست بکرێت و روونیکردەوە، وڵاتانی دراوسێی عێراق لە دوای دروستبوونی پەرلەمان و حکومەتی هەرێمی کوردستان تا بە ئێستاش دەگات، بەردەوام لەسەر ئاستی جیاجیادا کۆبوونەوە دەکەن و لە هەوڵی بەردەوامدان بۆ دروستکردنی ئاستەنگ لە بەردەم دامەزراوەی پەرلەمان و حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی وڵاتانی عێراق، ئێران، تورکیا و سووریا کۆبوونەوەی وەرزی و ساڵانەیان هەبوو بۆ دیراسەکردنی ئەو واقیعەی لە باشووری کوردستاندا هاتبووە ئاراوە. بۆ نموونە تەنانەت دژایەتییەکە نەک هەر دامەزراندنی پەرلەمانی کوردستان و حکومەتی هەرێمی کوردستانی گرتبووەوە، بەڵکو پێکهێنانی یەکێتی پەرلەمانتارانی کوردستانیشی گرتەوە کە لە ساڵی 2007 دروست بوو و بە هەڕەشە و مەترسی دەبینرا بۆ سەر یەکێتی پەرلەمانتارانی عەرەب.

لەلای خۆیەوە سیروان کاکەیی، پەلەمانتاری خولی یەکەمی پەرلەمانی کوردستان ئاماژەی بە هەڵومەرجە یەکەمەکانی درستبوون و هاتنەئارای پەرلەمانی کوردستان کرد و گوتی، راستییەکەی جەنگی دووەمی کەنداو و راپەڕینەکەی باشووری کوردستان لە ساڵی 1991 کڕۆکی زەمینەسازیی هاتنەئارای قەوارەی سیاسی هەرێمی کوردستان و دامەزراوە شەرعییەکانی بوو و بڕیاری 688 ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیش پارێزبەندییەکی نێودەوڵەتی بە دەوری ئەو قەوارەیە دروست کرد و بۆ لەمەودوا رێڕەوێکی بەتایبەتی مرۆیی بە روویدا کردەوە. بەشێوەیەک دەرچوونی بڕیارەکە بووە هۆی گۆڕان لە فیقهی یاسای نێودەوڵەتی بەرامبەر بەو گەلانەی لەلایەن سیستمی وڵاتەکانیان دەچەوسێندرێنەوە. بۆیە لە کۆی گشتی پرۆسەکەدا هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی لێکەوتەوە، دواتریش یەکەم کابینەی حکومەتی هەرێمی کوردستان هاتە ئارا.

سیروان کاکەیی هەروەها سەرنجی خستە سەر رۆڵ و کاریگەری نەوەی یەکەمی پەرلەمانتارانی کوردستان لە بەهێزکردن و خستنەسەرپێی پەرلەمان وەک دامەزراوەی یاسادانان لە هەرێمی کوردستان و گوتی، نەوەی دەستەبژێری پارتە سیاسییەکانی کوردستان چوونە ناو خولی یەکەمینی پەرلەمان کە کەسانی خوێندەوار بوون، بە ئەزموونی خۆیان و ئەزموونی گەلان لە چۆنیەتی بەڕێوەبردنی دەوڵەت سوودیان وەرگرت و وردە وردە پرۆسەی کاری پەرلەمانی و حوکمڕانی گەشەی کرد و هەنگاو بە هەنگاو سەرکەوتوو دەبوو، بۆیە بە باوەڕەوە دەتوانین حوکمڕانی لە هەرێمی کوردستان بە سەرکەوتوو ناو ببەین.