بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر: هەردوو تۆمەتبارەکەی شەڕە تەقەکەی شەقامی 100 مەتری دەستگیرکران

لۆگۆی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر
لۆگۆی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر

K24 - هەولێر:

بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر لە راگەیەندراوێکدا دەستگیرکردنی هەردوو تۆمەتباری شەڕە تەقەکەی شەقامی 100 مەتری هەولێری راگەیاند کە بووە هۆی برینداربوونی دوو کەس کە یەکێکیان هاووڵاتییەکە پەیوەندی بە شەڕەکەوە نەبووە.

لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە، "پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە 20ی نیسانی 2023، لە شەقامی 100 مەتری شاری هەولێر، بەهۆی کێشەیەکی کۆمەڵایەتییەوە شەڕەتەقە لەنێوان دوو هاووڵاتیی دانیشتووی شاری هەولێر روویدا و بەهۆیەوە یەکێک لە تۆمەتبارانی تەقەکەر بەناوی (أ.ع.ش) بریندار دەبێت و بەداخەوە هاووڵاتییەکی دیکەش بەناوی ( ل.ج.ح) بریندار دەبێت".

هەروەها بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر ئاماژەی بەوەشکردووە، دوابەدوای ئەو رووداوە، دەستبەجێ تیمەکانیان گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە و لێکۆڵینەوەیان لەو بارەوە دەستپێکرد و، لەسەر فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر، تۆمەتباری دووەم بەناوی (هـ.خ.ق) دەستیگرکراوە.

دەقی راگەیەندراوەکەی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر

پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە 20ی نیسانی 2023، لە شەقامی 100 مەتری شاری هەولێر، بەهۆی کێشەیەکی کۆمەڵایەتییەوە شەڕەتەقە لەنێوان دوو هاووڵاتیی دانیشتووی شاری هەولێر روویدا و بەهۆیەوە یەکێک لە تۆمەتبارانی تەقەکەر بەناوی (أ.ع.ش) بریندار دەبێت و بەداخەوە هاووڵاتییەکی دیکەش بەناوی ( ل.ج.ح) بریندار دەبێت.

دوابەدوای ئەو ڕووداوە، دەستبەجێ تیمەکانمان لە بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکە و لێکۆڵینەوەیان لەو بارەوە دەستپێکرد و، لەسەر فەرمانی بەڕێز دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر، تۆمەتباری دووەم بەناوی ( هـ.خ.ق) دەستیگرکراو پەڕاوی لێکۆڵینەوەی لەبارەی دۆسیەکە کراوەتەوە و ڕەوانەی بەردەم دادوەرکراوە.

هاووڵاتییانی بەڕێز و خۆشەویست دڵنیا دەکەینەوە، پاراستنی سەروماڵی هاوشارییان و ئاسایش و ئارامیی شاری هەولێر ئەرکێکە و بەزاندنیان لە لایەن هەرکەس و گرووپێکەوە بێت هێلی سوورە .


بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر
 20ی نیسانی 2023