لە کوردستان رێوڕەسمی جەژنی رەمەزان بەڕێوەدەچێت
K24 - هەولێر
ئەمڕۆ لە هەرێمی کوردستان و زۆربەی وڵاتانی ئیسلامی جەژنی رەمەزانە و خەڵکی نەریتە ئایینی و کۆمەڵایەتییەکان جێبەجێ دەکەن.
بەیانی ئەمڕۆ لە سەرجەم مزگەوتەکانی هەرێمی کوردستان نوێژی جەژنی رەمەزان کرا و هاووڵاتیانیش وێڕای بەشداریکردن لە نوێژی جەژن، پیرۆزابیی و گەردەن ئازاییان لە یەکتر دەکەن.
زۆرینەی مامۆستایانی ئایینی لە گوتاری نوێژی جەژن، نزای خۆشی و سەقامگیری و ئارامیان بۆ هەرێمی کوردستان و ناوچەکە کرد، جەختیان لە ئاشتی و تەبایی نێوان لایەنەکان و پاراستنی دەستکەوتەکان کردەوە.
جگە لە نەریتە ئاینییەکان، هاووڵاتییان لە رۆژی جەژنی رەمەزان چەند نەریتێکی کۆمەڵایەتی جێبەجێ دەکەن. وەک کۆبوونەوە خێزان لەسەر سفرە و ئامادەکردنی چێشتی بەیانی و سەردانی کەسوکاری و دراوسێکانیان دەکەن.