لە کەرکووک باندێکی تیرۆریستی دەستگیر دەکرێن

K24 - هەولێر

کەمێک پێش ئێستا فەرماندەی پۆلیسی پارێزگای کەرکووک، راگەیەندراوێکیان بڵاوکردەوە، کە باندێکی تیرۆریستیان لەناو پارێزگای کەرکوک دەستگیر کردووە و سەر بە "رێکخراوی تیرۆیستی داعشن".

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، یەکێک لە ئەندامانی باندەکە سەرکردەیەکی باڵای داعش بووە لە کەرکووک، دەستگیر کردنی ئەم باندە دوای ئەوە دێت، کە شەوی رابردوو دوو کەس لەسەر ماتۆڕسکیلێک، لە بازاڕی پەنجا عەلی تەقەیان لە مەفرەزەیەکی پۆلیس کردووە، کارمەندێکی پۆلیس بەسەختی بریندار بووە و باری تەندروستی ناجێگیرە.

بەپێی راگەیەندراوەکەی پۆلیس، دوای رووداوەکەی شەوی رابردوو، هێزی ئاسایشی نیشتیمانی و دەزگای هەواڵگری و فەرماندەی پۆلیسی کەرکووک، ئەمڕۆ ئۆپەراسیۆنێکیان لە شارەکە دەستپێکردووە، چەند چەکدارێکیان لەناو شاری کەرکووک دەستگیرکردووە، کە ئەنجامدەری راستەوخۆی رووداوەکەی شەوی رابردوو و چەند کردەوەیەکی دیکە بووونە لە کەرکووک.

بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24، لەماوەکانی رابردوو کۆمەڵێک کردەوەی تیرۆریستی لەشاری کەرکووک روویاندوە بەتایبەت، لە سنووری جەبەل بۆر، کە لە شەوێکدا ئەفسەرێک و پۆلیسێک کوژران، لە کردەوەیەکی دیکەدا پێشمەرگەیەک کوژرا و پێشمەرگەیەکی دیکە رفێندرا، کە دەستی ئەم باندەی تێدابووە.