یەکێتی زانایانی ئایینی داوای لێکنزیکبوونەوەی پارتی و یەکێتی دەکات

K24 - هەولێر

سەرۆکی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان داوا لە پارتی و یەکێتی دەکات، دوای جەژن زیاتر لە یەکتر نزیک ببنەوە، بۆ ئەوەی بە رێککەوتن و گفتوگۆ کێشە و ناکۆکییەکان چارەسەر بکەن.

عەبدوڵڵا مەلا وەیسی، سەرۆکی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردستان24 رایگەیاند، ئەگەر گیانی لێبوردەیی لە نێوان هاووڵاتیان و لایەنەکان هەبێت، کۆمەڵگە پێشدەکەوێت.

گوتیشی: "پێویستە لایەنە سیاسییەکان خەسڵەت و رەوشتەکانی جەژن تەنیا بە دروشم بەکارنەهێنن و بیکەن بە کردار و بڕیاربدەن لێبوردەبن لەگەڵ یەکتر، ئەگەر لایەنێک بەرامبەر ئەوەی تر کەموکوڕی هەبووە، پێویستە گیانی لێبوردەیی بڵاوبکەینەوە و پێکەوە لەسەر مێزی گفتوگۆ دابنیشن و کێشەکانیان چارەسەر بکەن، بەرژەوەندی میللەت و بەرژەوەندی گشتی لە سەرووی هەموو بەرژەوەندییەکانە".

مەلا عەبدوڵڵا، راشیگەیاند: "خەڵک چاوەڕێی ئەوەیە دوای جەژن هەموو لایەنە سیاسییەکان بەتایبەتی پارتی و یەکێتی زیاتر لە یەکتر نزیک ببنەوە و رێکبکەون و هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان ئەنجامبدرێت".