عەرەبی هاوردە هێرشدەکەنە سەر کوردەکانی گوندی پەلکانە
K24 – کەرکووک:
لە یەکەم رۆژی جەژنی رەمەزاندا، زیاتر لە 400 کەس لە عەرەبی هاوردە هێرشدەکەنە سەر دانیشتووانی کوردی گوندی پەلکانە و بەوهۆیەوە ژمارەیەک هاووڵاتی گوندەکە برینداربوون.
ئەمڕۆ هەینی (21ـی نیسانی 2023)، پەیامنێری کوردستان24 رایگەیاند، زیاتر لە 400 کەس لە عەرەبی هاوردە لە گوندی پەلکانە بە دار و بەرد، رووبەڕووی هاووڵاتییانی کورد بوونەتەوە و زیاتر لە 10 هاووڵاتی کوردی گوندەکە برینداردەکەن.
پەیامنێری کوردستان24 راشیگەیاند، ئێستا هێزێکی سوپای عێراق گەیشتوونەتە گوندی پەلکانە بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە و رێگریکردن لە تەشەنەکردنی رووبەڕووبوونەوەی نێوان کوردانی ناوچەکە و عەرەبە هاوردەکان.
هاووڵاتییەکی گوندی پەلکانە بە پەیامنێری کوردستان24ـی راگەیاندووە، ئەو هێزە سەربازییەی سوپای عێراق تەقە بەسەر هاووڵاتییانی کورددا دەکەن لە کاتێکدا لەلایەن عەرەبە هاوردەکانەوە پەلاماردراون.
لە گەشتی هەواڵەکانی کاتژمێر 6:00ـی کوردستان24، ئیسماعیل محەممەد هاووڵاتییەکی دانیشتووی گوندی پەلکانە بە کۆمار نادری راگەیاند، دۆخەکەی بە مەترسیدار وەسفکرد و داوای لە بەرپرسانی کورد لە کەرکووک و بەغدا کرد بێنە سەرهێل بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی ناوچەکە و دوورخستنەوەی عەرەبە هاوردەکان کە دەیانەوێت دەستبەسەر زەوییەکانیدا بگرن.
گوندی پەلکانە دەکەوێتە رۆژئاوای ٍشاری کەرکووک و سەر بە شارەدێی سەرگەڕانە، لە دوای رووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەری 2017ـەوە وەک دانیشتووانی گوندەکە دەڵێن بە هاوکاری و پشتیوانی راکان جبووری، پارێزگاری سەپێندراوی کەرکووک و ساڵح حەزەر ناسر، فەرماندەی فیرقەی 8ی سوپای عێراق، عەرەبە هاوردەکان دەیانەوێت لەرێگەی بڕینی کارەبا و ئاو و رێگریکردن لە کاری کشتوکاڵ و ئاژەڵداری و هەڵکوتانەسەر جووتیاران، هاووڵاتیانی پەلکانە ناچاربکەن گوندەکەیان بەجێبهێڵن.