خەیری عەلی: پێشبینی دەکەین بۆ ئەم جەژنە زیاتر لە پەنجا هەزار گەشتیار سەردانی دهۆک بکەن

خەیری عەلی، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری دهۆک
خەیری عەلی، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری دهۆک

K24 – دهۆک:

بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری دهۆک، رایگەیاند، پلانی پێشوازی لە گەشتیاران لە پارێزگای دهۆک بە باشی بەڕێوەدەچێت و پێشبینی دەکرێت لەم جەژنە زیاتر لە پەنجا هەزار گەشتیار سەردانی پارێزگاکە بکەن.

ئەمڕۆ هەینی (21ــی نیسان/ ئێپڕێڵی 2023) خەیری عەلی، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری دهۆک، لە لێدوانێکیدا بۆ کوردستان24 رایگەیاند، بەهۆی ئەو گرنگیپێدانەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە کەرتی گەشتیاری، پارێزگای دهۆک بەردەوام لە گەشەسەندندایە، ئەمەش بووەتە هۆی بووژانەوەی ئەو کەرتە.

هەروەها راشیگەیاند، پلانی پێشوازیکردن لە گەشتیاران بە باشی بەڕێوەدەچێت، هۆتێلەکان، چێشتخانەکان و شوێنە گەشتیارییەکان لەو جەژنەدا کراوەن.

خەیری عەلی، گوتیشی: "لە سەرەتای ساڵ تاوەکو ئەمڕۆ زیاتر لە 260 هەزار گەشتیار سەردانی ناوچە گەشتیارییەکانی شاری دهۆکییان کردووە".