محەممەد خورشید: ئەو بارودۆخەی ئێستای گوندی پەلکانە دەرئەنجامی خیانەتی 16ـی ئۆکتۆبەرە

K24 –هەولێر:

یاریدەدەری بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی کەرکووک – گەرمیانی پارتی رایگەیاند، ئەو بارودۆخەی لە گوندی پەلکانە دروستبووە دەرئەنجامی خیانەتی 16ــی ئۆکتۆبەرە لەوکاتەوە ئەو کێشەیە سەری هەڵدا و بووە رێگەخۆشکەر بۆ عەرەبی هاوردە کە زیاتر پێبنێنە ناو زەوی جووتیارانی کورد و داگیریبکەن.

محەممەد خورشید، یاریدەدەری بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی کەرکووک – گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان، لەمیانەی بەشداریان لە ژووری هەواڵ رایگەیاند، لە دوای خیانەتی 16ــی ئۆکتۆبەرەوە پرسی هاوردەکردنی عەرەب بۆ گوندی پەلکانە دەستیپێکردووە، ئەمەش بە هاوکاری راکان جبووری، پارێزگاری سەپێندراوی کەرکووکە لەگەڵ هێزە ئەمنییەکانی ناوچەکە کە هەمیشە پاڵشتیان دەکەن.

یاریدەدەری بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی کەرکووک - گەرمیان، راشیگەیاند، کاری هێزە ئەمییەکانی عێراق نییە کە پاڵپشتی عەرەبی هاوردە بکەن بۆ هێرشکردنە سەر زەویوزاری کوردنشینان، پێوستە هێزە ئەمنییە عێراقییەکان بێلایەنی لە ئەرکی خۆیاندا جێبەجێبکەن و پاڵپشتی مافخوراوانبن بۆ ئەوەی مافیان بۆ بگەڕێتەوە.

محەممەد خورشید باسی لەوەشکرد، پێویستە چارەسەرکردنی ئەم بابەتە لەلایەن ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقەوە بڕیاری بۆ دەربچێت، هەروەها دەبێت بڕیاری ئەنجوومەنی قیادە سەورەی هەڵوەشاوە کە تائێستا لە دادگاکان کاریپێدەکرێت هەڵبوەشێندرێتەوە و بڕیارێکی پەرلەمانی لەوبارەیەوە بدرێت، بۆ ئەوەی ئەم گرفتە بە یەکجاری چارەسەر بکرێت.

محەممەد خورشید، لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: "لە سەرەتای ئەمساڵەوە زیاتر لە 10 جار عەرەبی هاوردە هێرشیانکردووەتە سەر گوندە کوردییەکان" و بە پێویستی زانی کە نوێنەرانی کورد جددیتربن لەسەر چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە، بە تایبەت لە دەسەڵاتی جێبەجێکردن لەلایەن فەرماندەی هێزە چەکدارەکان فەرمانێک دەربچێت هێزە چەکدارەکانی عێراق و هێزەکانی حەشدی شەعبی کاریان بەسەر ئەم پرسەوە نەبێت.

سەبارەت بە جموجۆڵی تیرۆرستان لە کەرکوک، ئەو بەرپرسەی مەکتەبی رێکخستنی پارتی رایگەیاند، جموجۆڵی تیرۆرستان لە کەرکووک نەک بنبڕ نەکراوە بەڵکو ئێستا جموجۆڵەکان زیاتر بووە بە بەراورد بە پێشتر.

محەممەد خورشید، سەبارەت بە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاری کەرکووک گوتی: "پارتی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ یەک ریزییە لەگەل لایەنە کوردییەکان لە کەرکووک، بە مەبەستی بەشداریکردن لە هەڵبژاردن، "بەڵام پارتی هەرگیز لەگەڵ خیانەتکارانی 16ی ئۆکتۆبەر جارێکی دیکە دەست ناخاتەوە ناو دەستیان".