نێچیرڤان بارزانی: داوا له‌ رۆژنامه‌نووسانى كوردستان ده‌كه‌م ئازاد و پيشه‌يى و راستگۆيانه‌ هه‌واڵەکان بگوازنه‌وه‌

نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان
نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان

K24 - هەولێر:

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەبۆنەی ساڵیادی رۆژی رۆژنامەگەریی کوردی و یادی 25 ساڵەی دامەزراندنی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی رۆژنامەنووسانی کوردستان کرد.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیامەکەیدا داوا له‌ ڕۆژنامه‌نووسانى كوردستان ده‌كات به‌وپه‌ڕى ئه‌مانه‌ت و به‌رپرسياريه‌تييه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ وشه‌دا بكه‌ن و ئازاد و پيشه‌يى و راستگۆيانه‌ هه‌واڵ و رووداوه‌كان بگوازنه‌وه‌.

دەقی پەیامی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان:

يادى (125) ساڵه‌ى ڕۆژى ڕۆژنامه‌گه‌ريى كوردى و (25) ساڵه‌ى دامه‌زراندنى سه‌نديكاى ڕۆژنامه‌نووسانى كوردستان له ته‌واوى ڕۆژنامه‌نووسانى كوردستان پيرۆز ده‌كه‌م، هيواى سه‌ركه‌وتنيان بۆ ده‌خوازم. سڵاو له‌ ياد و گيانى ميقداد ميدحه‌ت به‌درخان ـ ى پێشه‌نگ كه‌ يه‌كه‌م ڕۆژنامه‌ى (كوردستان)ى چاپ و بڵاوكرده‌وه‌.

له‌م ياده‌دا هه‌موو پشتيوانييه‌ك بۆ ڕۆژنامه‌نووسان و ئازاديى ڕۆژنامه‌گه‌رى و ڕاده‌ربڕين و ئازاديى قه‌ڵه‌م و نووسين دووپات ده‌كه‌مه‌وه.‌ ئازاديى ڕۆژنامه‌گه‌رى،‌ بنه‌ما و كۆڵه‌يه‌كى سه‌ره‌كيى هه‌موو كۆمه‌ڵگه‌يه‌كى زيندووى پێشكه‌وتووه،‌ پێويستييه‌كى له‌پێشى بره‌ودان به‌ ديموكراسى و ئازادييه‌كان و پاراستنى مافه‌كانى مرۆڤه‌، بۆيه‌ ده‌بێ پارێزگارى لێ بكرێت.

وشه‌ به‌رپرسياريه‌تييه‌، بۆيه‌ داوا له‌ ڕۆژنامه‌نووسانى كوردستان ده‌كه‌م به‌وپه‌ڕى ئه‌مانه‌ت و به‌رپرسياريه‌تييه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ وشه‌دا بكه‌ن و ئازاد و پيشه‌يى و ڕاستگۆيانه‌ هه‌واڵ و ڕووداوه‌كان بگوازنه‌وه‌. كار و ئه‌ركى خۆيان به‌ ڕێكوپێكى و له‌ چوارچێوه‌ى ئێتيكى ڕۆژنامه‌وانيدا جێبه‌جێ بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ى بتوانن ڕۆڵى دروستى خۆيان له‌ ده‌ستنيشانكردنى هه‌ڵه‌ و كه‌موكوڕييه‌كان و ڕاستكردنه‌وه‌يان بگێڕن.

سڵاو و دروود بۆ هه‌موو ئه‌و ڕۆژنامه‌نووسانه‌ى له‌ سه‌رده‌مى خه‌بات و ئازاديدا گيانيان به‌خشى. ياديان هه‌ميشه‌ به‌ خێر.