بڕوا بکەی یان نا؛ زۆربەی یاریزانەکانی لالیگا لە یاساکانی چۆنییەتی جێبەجێکردنی ڤار نازانن

بەکارهێنانی ڤار لە لالیگا
بەکارهێنانی ڤار لە لالیگا

له‌ راپرسییه‌كی داخراوی کۆمەڵەی لالیگا له‌ نێوان یانه‌ و یاریزانانی لالیگا ده‌ركه‌وتووه‌ %100ـی یاریزانه‌كانی خوله‌كه‌ تا ئێستا له‌ یاسای به‌ركه‌وتنی تۆپ به‌ ده‌ست تێناگه‌ن، زۆرینه‌ی یانه‌كانی لالیگا داوا ده‌كه‌ن ڤار له‌ لیژنه‌ی ناوبژیوانان جیابكرێته‌وه‌ و له‌ لایه‌ن كۆمپانیایه‌كی تایبه‌ت به‌ڕێوه‌ببرێت.

له‌ته‌ی سیستەمی ڤار لە یارییەکانی لالیگا جێبەجێ دەکرێت، هانده‌ران له‌ گله‌ییكردن نه‌وه‌ستاون رۆژ به‌ رۆژ ره‌خنه‌كان له‌ ناوبژیوانه‌كان و شێوازی به‌ڕێوبردنی یارییه‌كان زیاتر ده‌بێت، له‌ راپرسییه‌كی کۆمەڵەی لالیگا له‌ نێو یانه‌كانی خوله‌كه‌ به‌شێكی زۆر له‌ ره‌خنه‌ و هه‌ڵه‌كان ده‌ركه‌وتوون: 
- %88ـی یانه‌كان ده‌یانه‌وێت كۆمپانیا و دامه‌زراوه‌یه‌كی تایبه‌ت سه‌رپه‌رشتی سیستەمی ڤار بكات و ئه‌و كۆمپانیایه‌ به‌ بێلایه‌نی بڕیار له‌سه‌ر بڕیاره‌كانی ناوبژیوان بدات.
- %86ـی یاریزانه‌كانی لالیگا تا ئێستا نازانن له‌ چ كاتێكدا ناوبژیوان ده‌توانێت ڤار به‌كار بهێنێت بۆ ڤار بگەڕێتەوە و زانیارییان له‌سه‌ری نییه‌.
- هیچ یاریزانێكی  لالیگا زانیاری %100ـی نییه‌ چ كاتێك تۆپ به‌ر ده‌ست بكه‌وێت پێناڵتییه‌ و چ كاتێكیش ناوبژیوان لێدانی سزا هه‌ژمار ناكات و سه‌رجه‌م یاریزانه‌كانی لالیگا پێیانوایه‌ ئه‌م بڕیاره‌ له‌ ناوبژیوانێک بۆ ناوبژیوانێكی دیكه‌ ده‌گۆڕێت.
- %93ـی  یانه‌كان پێیانوایه‌ ژماره‌ی كارته‌ سووره‌كان زۆر زیادی كردووه‌ و به‌شێكی زیاده‌ڕه‌وییه‌ و پێویسته‌ كه‌م بكرێته‌وه‌، کە تا ئێستا لەم وەرزە لە خولەکە 115 کارتی سوور بەرزکراونەتەوە.
- %81ـی یانه‌ و یاریزانان له‌ راپرسییه‌كه‌ پێیانوایه‌ به‌هۆی جێبەجێکردنی سیستەمی ڤار دادپه‌روه‌ری له‌ یارییه‌كان به‌دی هاتووه‌ و ئێستا سزادان ئاسانتر بووه‌.
- %71ـی یانه‌كان ده‌نگیان به‌وه‌ داوه‌ پێویسته‌ ڤار له‌ لیژنه‌ی ناوبژیوانان جیابكرێته‌وه‌ و بڕیاره‌ یه‌كلاكه‌ره‌وه‌كان له‌ لایه‌ن لیژنه‌یه‌كی تایبه‌ت بدرێت و ناوبژیوانه‌كانیش ته‌نیا سه‌رپه‌رشتی ڤار بكه‌ن.