سەرۆکی ئۆکرانیا بەشداری لە لووتکەی ڤیلنیوسی ناتۆ دەکات

ڤلادیمێر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا | وێنە: AP
ڤلادیمێر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا | وێنە: AP

K24 - هەولێر:

یەنس ستۆلتنبێرگ، سکرتیری گشتیی ناتۆ رایگەیاند، سەرۆکی ئۆکرانیا، ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی بەشدرای لەو لووتکەیەی ناتۆ دەکات کە 11 -12ی تەمووز لە ڤیلنیوسی پایتەختی لیتوانیا بەڕێوەدەچێت.

ستۆلتنبێرگ، پێش کوبوونەوەی گرووپی پەیوەنديی بەرگریی ئۆکرانیا لە بنکەی سەربازیی رامستین لە ئەڵمانیا وەڵامی پرسیاری رۆژنامەوانانی دایەوە.

ستۆلتنبێرگ، ئاماژەی بەوەکرد، لە دوای هێرشکردنی رووسیا بۆسەر ئۆکرانیا لە 22ی شوباتی 2022وە ئەمە یەکەم جارە سەردانی ئەو وڵاتە دەکات و رایگەیاند، لە قسەکردنیدا لەگەڵ زێلێنسکی پەیامی ئەوەی پێگەیاندووە کە تاکو کۆتایی پاڵشتیی ئۆکرانیا دەکەن.

یەنس ستۆلتنبێرگ، گوتی: "هەروەها لەگەڵ سەرۆک زیلێنسکی تاوتوێی ئامادەکارییەکانی لووتکەی ناتۆمان کرد کە لە مانگی تەمووزدا لە شاری ڤیلنیوس بەڕێوەدەچێت. ئەوم بۆ کۆبوونەوەی لووتکەکە بانگهێشتکرد. بانگهێشتەکەی قەبوڵ کرد و خۆشحاڵم بەوەی بەشداری لە لووتکەکە دەکات".

سکرتێری گشتیی ناتۆ ئەوەی وەبیرهێنایەوە کە وڵاتانی ئەندامی ناتۆ لە لووتکەکەی ساڵی 2008ی بوخارست بڕیاریان لەسەر ئەوە دا کە لە داهاتوودا ئۆکرانیا ببێتە ئەندامی ناتۆ و رایگەیاند لەگەڵ زێلینسکی پرسی ئەندامبوونی ئۆکرانیا لە ناتۆ و گەرەنتییە ئەمنییەکانیان تاوتوێ کردووە.

ستۆلتنبێرگ گوتی: "لە رۆژێکدا کاتێک کە ئەم جەنگە تەواو دەبێت لەوە دڵنیابین کە مێژوو خۆی دووبارە ناکاتەوە، رووسیا سەرلەنوێ شەڕ نەکاتەوە سەر ئۆکرانیا و ئاسایشی ئەوروپا لەتلەت نابێت. لەبەر ئەم هۆکارە پێویستە گفتوگۆ لەسەر چوارچێوەیەکی ئەمنی بکەین".

یەنس ستۆلتنبێرگ، ئەوەشی وەبیرهێنایەوە کە لە کۆبوونەوەکەی دوێنێی کیێڤ پەیامی ئەوەی داوە کە "شوێنی راستەقینەی ئۆکرانیا ناتۆیە" و جەختی لەوە کردەوە کە بۆ ئەوەی ئۆکرانیا وەکو وڵاتێکی سەربەخۆ و خاوەن سەروەری بەردەوام بێت لە مانەوە ئەوە پێویستی بە پاڵپشتیی ناتۆ هەیە