عێراق تەواوی دیپلۆماتکارانی لە سوودان دەگەڕێنێتەوە

باڵەخانەی وەزارەتی دەرەوەی عێراق | وێنە: پێگەی وەزارەتی دەرەوەی عێراق
باڵەخانەی وەزارەتی دەرەوەی عێراق | وێنە: پێگەی وەزارەتی دەرەوەی عێراق

K24 - هەولێر:

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق ئاشکرای دەکات، تەواوی دیپلۆماتکارانیان لە سوودان گەڕاندووەتەوە.

ئەحمەد سەحاف، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاند، بەشێوەیەکی سەرکەوتووانە تەواوی کارمەندانی دیپلۆماسیان لە باڵەخانەی باڵیۆزخانەی عێراق لە خەرتووم گەڕاندووەتەوە.

گەڕاندنەوەی دیپلۆماتکاران لە سوودان دوای ئەوە دێت کە بەهۆی بەردەوامی شەڕەوە زۆرینەی وڵاتان کارمەندانی دیپلۆماتکاریان لە خەرتووم گەڕاندەوە و باڵیۆزخانەکانیشیان داخست.

هاوکات دوێنێ شەممە 22ـی نیسانی 2023، جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا رایگەیاند، بە فەرمانی ئەو تەواوی ستافی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە خەرتوومی پایتەخی سوودان باڵیۆزخانەکەیان چۆڵکردووە و بۆ ماوەیەکی کاتیش باڵیۆزخانەیان داخست.

ئاماژەی بەوەشدا، شانازی بە ستافی باڵیۆزخانەی وڵاتەکەی دەکات کە توانیویانە بەسێوەیەکی پیشەگەرانە کارەکانیان ئەنجامبدەن و بەردەوام لەگەڵ هاوڵایانی ئەمەریکا و سوودان لە پەیوەندیدابن.

بایدن داواشیکرد هەردوو لایەنی شەڕ بەزووترین کات ئاگربەست رابگەیێنن و رێز لە بەرژەوەندییەکانی هاووڵاتیانیان بگرن و رێگە بدەن هاوکاری مرۆییان بگاتە دەست.

رۆژی شەممە 15ـی نیسانی 2023، شەڕ و پێکدادانی سەربازی لە خەرتوومی پایتەختی سوودان و شارەکانی دیکەی ئەو وڵاتە دەستیپێکردووە، شەڕەکە لە نێوان هێزەکانی پشتیوانی خێرا بە سەرۆکایەتی محەمەد حەمدان دەقلو ناسراو بە حەمیدتی و سوپای سوودان بە سەرۆکایەتی لیوا عەبدولفەتاح ئەلبورهانە.