فەڕەنسا دەستی کرد بە گەڕاندنەوەی هاووڵاتیانی وڵاتەکەی لە سوودان
K24 - هەولێر:
فەڕەنسا بەهۆی بەردەوامی شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان سوپای سوودان و هێزەکانی پشتیوانیی خێرا دەستی بە گەڕاندنەوەی هاووڵاتیانی وڵاتەکەی کردووە.
وەزارەتی دەرەوەی فەڕەنسا لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە داوە، حکومەتی وڵاتەکەی هەڵمەتێکی خێرا بۆ گەڕاندنەوەی کارمەندانی دیپلۆماسی و هاووڵاتییانی لە سوودان دەست پێ کردووە.
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، جگە لە هاووڵاتییانی فەڕەنسی، دیپلۆماتکاران و هاووڵاتییانی ئەورووپیش دەگەڕێندرێنەوە وڵاتەکانی خۆیان.
لە بەیانی 15ی نیسان، لە خەرتووم پایتەختی سوودان و چەندین شاری دیکە پێکدادان لەنێوان سوپای سوودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا سەریهەڵدا.
ئەو ناکۆکییانەی لە چەند مانگی رابردوودا دەربارەی چاکسازی سەربازیی لە ئارادابوون و تییادا پێشنیاز کرابوو هێزەکانی پشتیوانی خێرا "بەتەواوی ببێتە بەشێک لە سوپا" گۆڕا بۆ پێکدادان.
وەزارەتی دەرەوەی سوودان ئەوەی راگەیاند، عەبولفەتاح ئەلبورهان، سەرۆکی ئەنجوومەنی سەروەری و فەرماندەی سوپا راژەی هێزی پشتیوانی خێرای هەڵپەساردووە و وەک هێزێکی یاخی لە دەوڵەت رایگەیاندووە، لەسەر ئەم بنەمایەش سوپا رەفتارەی کردووە.
بەپێی داتاکانی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، لەو شەڕ و پێکدادانانەدا لانی کەم 400 کەس گیانیان لەدەستداوە.
هێزەکانی پشتیوانی خێرا، بڵاویکردبووەوە کە لە یەکەم رۆژی جەژنەوە بۆ ماوەی 72 کاتژمێر پابەندی ئاگربەست دەبن، سوپاش کاتەکانی ئێوارە رایگەیاند، پابەندی بانگەوازی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی دەبن بۆ پابەندبوون بە ئاگربەست.