واشنتن پۆست: بەڵگەنامەکان دەریدەخەن ئەفغانستان بووەتە مەنزڵگەی داعش

ئەفغانستان: یەکەم رۆژی جەژنی رەمەزان وێنە: AP
ئەفغانستان: یەکەم رۆژی جەژنی رەمەزان وێنە: AP

K24 – هەولێر:

رۆژنامەی واشنتن پۆستی ئەمەریکی بڵاویکردەوە، بەڵگەنامە نهێنییەکانی پنتاگۆن دەریدەخەن، ئەفغانستان بووەتە مەنزڵگەیەک بۆ داعش، لەکاتێکدا ئەو گرووپە تیرۆریستییە پلانی هێرشکردنە سەر وڵاتانی رۆژئاوا و ئاسیا دادەنێت.

بەڵگەنامە هەواڵگرییەکانی ئەمەریکا کە لە پلاتفۆڕمی دیسکۆردەوە دەست واشنتن پۆست کەوتووە، تێیدا هاتووە: لەمیانی بەڕێوەچوونی جامی جیهانی 2022 لە قەتەر کە ژمارەیەکی زۆر لە کەسایەتییە سیاسی و دیپلۆماسییەکان ئامادەی بوون، پلانی بەئامانجگرتنی هەندێک لەو کەسایەتییانە هەبووە.

ئاماژە بەوەشدراوە، بەرپرسانی پنتاگۆن لە مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵدا ئاگاداری نۆ پیلانی لەو جۆرە بوون کە سەرکردەکانی داعش لە ئەفغانستان دایانڕێژابوو.

بەڵگەنامەکان ئەوە دەخەنەڕوو، داعش مۆدێلێکی نوێ بۆ ئۆپراسیۆنە دەرەکییەکان پەرەپێدەدات کە پشت بە سەرچاوەکانی دەرەوەی ئەفغانستان و تۆڕە تایبەتەکانی لە وڵاتانی بەئامانجگیراو دەبەستێت.

واشنتن پۆست رایگەیاند، بە دڵنیاییەوە بەڵگەنامەکان وەکو ئامرازێکی سیاسی لەلایەن کۆمارییەکانی کۆنگرێس و کەسانی دیکەوە بەکاردەهێندرێن کە هێشتا لە بڕیاری کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە ئەفغانستان تووڕەن، بڕیارەکەش کاتی خۆی لەلایەن ئیدارەی بایدنەوە درا.

ئەمەش لە کاتێکدایە لەماوەی رابردوو، داعش چەند چالاکییەکی تیرۆریستی لە ئەفغانستان ئەنجامدا و دوایینیان تەقاندنەوەی باڵەخانەیەکی بازرگانی بوو لەنزیک وەزارەتی دەرەوەی ئەفغانستان لەرێگەی پشتێنەی خۆکوژییەوە لە ئەنجامدا شەش کەس کوژران و ژمارەیەکیش برینداربوون.

رۆژی (29ی شوبات/ فێبرایه‌ری 2020) له‌ ده‌وحه‌ی پایته‌ختی قه‌ته‌ر، ئه‌مه‌ریكا، له‌گه‌ڵ بزووتنه‌وه‌ی تاڵیبانی ئیسلامی ئه‌فغانستان رێككه‌وتنی واژوو كرد.

بەگوێرەی ئەو رێککەوتنە، له‌ 30ـی ئابی 2021، سوپای ئەمەریکا لە ئەفغانستان کشایەوە و بزووتنەوەی تاڵیبان دوای گەڕانەوەی بۆ کابوڵ و کۆنترۆڵکردنی زۆربەی ناوچەکانی ئەو وڵاتە، حکومەتێکی نوێی دامەزراند.

پێشتریش لە لێدوانێکدا دۆناڵد تڕەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا رەخنەی لە ئیدارەی دیموکراتەکان گرت لەبارەی کشانەوەی سوپای ئەمەریکا لە ئەفغانستان گوتی: "ئێمە سوپایەکمان هەیە ناتوانێت شەڕ بکات و بگات بە ئامانجەکانی، وەک لە ئەفغانستان سەلمێندرا، كاتێك 85 ملیار دۆلارمان لە بنیاتنانەوەی سوپای ئەفغانستان خەرجکرد، هیچ رووینەدا شەڕیان پێنەکرا".