نورەددین نەباتی: لە 21 ساڵی رابردوودا 254 ملیار دۆلار وەبەرهێنانی دەرەکی هاتووەتە تورکیا

نورەددین نەباتی، وەزیری گەنجینەی و دارایی توركیا
نورەددین نەباتی، وەزیری گەنجینەی و دارایی توركیا

K24 -  هەولێر:

وەزیری گەنجینەی و دارایی توركیا ئاشكرایكرد، لەسەردەمی دەسەلاتی ئاکپارتی و ئەردۆغاندا، رێژەی وەبەرهێنانی دەرەکی و ژمارەی کۆمپانیا بیانییەکان لە تورکیا بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە و بەتوندی وەڵامی هێرشەکانی سەرۆکی جەهەپەی دایەوە کە رەخنەی لە ئەردۆغان و پارتەکەی گرتبوو کە "ئابووری تورکیایان وێران کردووە".

نورەددین نەباتی، وەزیری گەنجینەی و دارایی توركیا هه‌ڵسه‌نگاندنی بۆ لێدوانەکانی سه‌رۆكی گشتیی جه‌هه‌په‌، کەمال كڵچدارئۆغڵو كردووه‌ له‌باره‌ی ئه‌و وەبەرهێنانانەی کە بڕیارە بهێندرێنە تورکیا و ئاماژەی بەوەکردووە، "لە کاتێکدا کۆی وەبەرهێنانی راستەوخۆی دەرەکی له‌ تورکیا لە نێوان ساڵانی 1975 تا 2001 بریتی بووه‌ له‌ ١٤ ملیار دۆلار، بەڵام ئەم بڕه‌ لە نێوان 2002 تا شوباتی 2023 بریتییه‌ له‌ 254.2 ملیار دۆلار".

دوای ئەوەی کەمال کڵچدارئۆغڵو، کاندیدی هاوپەیمانی میللـەت بۆ سەرۆکایەتی تورکیا و سەرۆکی جەهەپە وڵاتەکەی لەسەردەمی دەسەڵاتی ئەردۆغان بە ڤێتنام بەراورد کرد، نەباتی بە توندی هێرشی کردەسەر و رایگەیاند، "چ بێئاگاییه‌كی گه‌وره‌یه‌، له‌سه‌ر بنه‌مای لۆژیكێكی پووچ، توركیا به‌ وڵاتێكی وه‌ك ڤێتنام به‌راورد بكه‌یت كه‌ چ له‌ڕووی جوگرافی و چ لە رووی سۆسیۆلۆجی-ئابوورییه‌وه‌ هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی به‌ ئێمه‌وه‌ نییه‌".

وەزیری گەنجینەی و دارایی توركیا ئاماژەی بەوەش کردووە، ژمارەی ئه‌و کۆمپانیا بیانییانه‌ی لە ساڵی 2002ـدا له‌ تورکیا كاریان كردووه، پێنج هەزار و 600 كۆمپانیا بووه‌ كه‌ لە مانگی كانوونی دووه‌می 2023ـدا بۆ 79 هەزار و 564 كۆمپانیا بەرزبووەتەوە.

وابڕیارە 14ـی ئایاری 2023، هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی لە تورکیا بەڕێوەبچێت و رکابەری سەرەکیش لەنێوان هەردوو هاوپەیمانی کۆمار، بە سەرۆکایەتی ئاکپارتی کە رەجەب تەیب ئەردۆغان کاندیدیانە، لەگەڵ هاوپەیمانی میللـەت بە سەرۆکایەتی جەهەپە کە کەمال کڵچدارئۆغڵو کاندیدیانە.