پارچە زەویەک لە دوبەی بە 34 ملیۆن دۆلار فرۆشرا

دورگەی کەنداوی جومەیرا لە دوبەی
دورگەی کەنداوی جومەیرا لە دوبەی

K24 - هەولێر

فرۆشتنی پارچە زەویەک لە دوبەی کە رووبەرەکەی لە 24 هەزار و 500 پێ چوارگۆشە زیاتر نییە، بە 125 ملیۆن درهەمی ئیماراتی فرۆشرا کە دەکاتە 34 ملیۆن دۆلار.

بە گوێرەی ئاژانسی "بلومبێرگ"ی ئەڵمانی، ئەم پارچە زەویە لە 19ی نیسانی 2023 فرۆشراوە، زەویەکە دەکەوێتە دوورگەی کەنداوی جومەیرا "جومەیرا بای" کە دورگەیەکی پیشەسازیە لەسەر شێوەی ئاژەڵی کەرکەدەن دروستکراوە و ڤێلا و شوقەی نزمی تیدایە.

دەبێت بە پردێکی 300 مەتری بگەیتە دورگەکە، کە دەکەوێتە بەرامبەر کەناراوەکانی جومەیرا.

سەبارەت بە رێککەوتنەکە، کۆمپانیای نایت فرانک، کە یەکێکە لە مامەڵەکارانی خانووبەرە لە دوبەی گوتی: ئەو رێککەوتنە "بەرزترین ئاستی نوێیە"، کڕیارێکی نەناسراو کە لە ئیمارات ناژی، پلانی هەیە خانوویەکی گرانبەها بۆ پشووی خێزانی لەو شوێنە دروست بکات.

ئەندرۆ کامینگز، سەرۆکی بەشی نیشتەجێبوون لە کۆمپانیاکەی "نایت فرانک" بۆ راوێژکاری خانوبەرە لە دوبەی رایگەیاند، " 125 ملیۆن درهەم بۆ لم، ئەمە ژمارەیەکی پێوانەیی گەورەیە بۆ پارچە زەوییەک".

بەگوێرەی فەرمانگەی زەوی دوبەی، زەوییەکە دوو ساڵ لەمەوبەر بە 36.5 ملیۆن درهەم فرۆشراوە، واتە فرۆشیار 88.5 ملیۆن درهەمی قازانج کردووە.

لەم دواییانەدا بازاڕی خانووبەرەی دوبەی بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و خواستی زۆرێک لە دەوڵەمەندەکانی جیهانەوە بۆ پاشەکەوتکردنی بەشێک لە سامانەکانیان لە رێگەی کڕینی موڵک لە شارێکدا کە باجی کەمی تێدایە و رێژەیەکی تاوانی گەورەی تێدا نییە.

رووسەکان لە پلەی پێشەوە دێن بۆ کڕینی موڵک لە دوبەی، لە کاتێکدا سیستەمی ڤیزای نیشتەجێبوونی درێژخایەنی رێگە پێدراوە بۆ راکێشانی ئەو کەسانەی کە دەیانەوێت وەبەرهێنان لە کەرتی خانووبەرەدا بکەن.

ئەو پارچە زەویەی کە هەفتەی رابردوو فرۆشرا تەنها یەکێکە لەو 128 پارچە زەویەی، کە لە دوورگەی جومێرا بای، پێشکەشکرا لەلایەن کۆمپانیای میراس کە حکومەتی دوبەی پاڵپشتی دەکات.

بازرگانانی خانووبەرە پێشبینی ئەوە دەکەن کە بەردەوام بن لە شکاندنی ریکۆردەکان لە فرۆشتنی ئەم جۆرە زەوییانەدا، بۆ نموونە، هەمان فرۆشیاری زەوییەکەی پێشوو خاوەنی زەوییەکی دیکەیە لە تەنیشتی، و بەنیازە بە 135 ملیۆن درهەم بیفرۆشێت.