لە ساڵی 2021دا 619 هەزار کەس لە جیهاندا بەهۆی مەلاریاوە گیانیان لەدەستداوە
K24 - هەولێر:
لە ساڵی 2021 لە سەرانسەری جیهاندا، 247 ملیۆن کەس تووشی نەخۆشی مەلاریا بوون و 619 هەزار کەس بەهۆی ئەو نەخۆشییەوە گیانیان لەدەستداوە.
سبەی سێشەممە 25ـی نیسانی 2023، "رۆژی جیهانیی نەخۆشی مەلاریا"ـیە و رێکخراوی تەندروستیی جیهانی ئامارەکانی تایبەت بەو نەخۆشییە ئاشکرا دەکات.
مەلاریا کە لە مێشوولەوە بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە، نەخۆشییەکە لە ماوەی مانگێکدا نیشانەکانی دەبینرێت لە رێگەی خوێنەوە، بەکارهێنانی دەرزی یان لە کاتی لەدایکبووندا دەکرێت لە دایکەوە بۆ کۆرپە بگوازرێتەوە.
بەگوێرەی داتاکانی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، لە ساڵی 2021دا 619 هەزار کەس لە جیهاندا بەهۆی مەلاریاوە گیانیان لەدەستداوە.
منداڵانی خوار تەمەنی پێنج ساڵ نزیکەی لەسەدا 80ی هەموو حاڵەتەکانی مردن بە نەخۆشی مەلاریا لە ئەفریقا پێکدەهێنن.
نیشانەکانی مەلاریا بە سەرئێشە، لاوازی، ئازاری سک، ماندووێتی، ئازاری ماسولکە و جومگەکان دەست پێ دەکات.