بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا: سوودان کاریگەری لەسەر تەواوی ئەفریقیا هەیە

جۆسێپ بۆرێڵ، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا | وێنە: Olivier Matthys / AP
جۆسێپ بۆرێڵ، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا | وێنە: Olivier Matthys / AP

K24 - هەولێر:

بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا رایدەگەیەنێت، سوودان کاریگەری لەسەر تەواوی ئەفریقیا هەیە و لەوهەوڵدان سەرجەم هاووڵاتییانیان لەنێو سوودان بهێننە دەرەوە. 

رۆژی دووشەممە 24ـی نیسانی 2023، جۆسێپ بۆرێڵ، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەکرد، لە "ئۆپەراسیۆنێکی سەخت و ئاڵۆزدا" توانیویان زیاتر لە هەزار هاووڵاتیی 'ئەوروپی' لەنێو سوودان بهێننە دەرەوە.

وەکو ئەوەی بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا ئاماژەی پێدەکات، "لەگەڵ فەرماندەی هەردوو لایەنی شەڕ لە پەیوەندیدابووم، ئێستا ئاگربەست کۆتایی هاتووە، دەبێت هەوڵەکانمان چڕبکەینەوە بۆ ئەوەی دۆخەکە هێوربکەینەوە".

بەگوتەی بۆرێڵ، "سوودان وڵاتێکی زۆر قەرەباڵغە و کاریگەری لەسەر تەواوی ئەفریقا هەیە."

لە بەیانی 15ی نیسانی 2023، لە خەرتووم پایتەختی سوودان و چەندین شاری دیکە پێکدادان لەنێوان سوپای سوودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا سەریهەڵدا.

ئەو ناکۆکییانەی لە چەند مانگی رابردوودا دەربارەی چاکسازی سەربازیی لە ئارادابوون و تییادا پێشنیاز کرابوو هێزەکانی پشتیوانی خێرا "بەتەواوی ببێتە بەشێک لە سوپا" گۆڕا بۆ پێکدادان.

وەزارەتی دەرەوەی سوودان ئەوەی راگەیاند، عەبولفەتاح ئەلبورهان، سەرۆکی ئەنجوومەنی سەروەری و  فەرماندەی سوپا راژەی هێزی پشتیوانی خێرای هەڵپەساردووە و وەک هێزێکی یاخی لە دەوڵەت رایگەیاندووە، لەسەر ئەم بنەمایەش سوپا رەفتارەی کردووە.

بەپێی داتاکانی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، لەو شەڕ و پێکدادانانەدا لانی کەم 400 کەس گیانیان لەدەستداوە.​​​​​​​